په‌یامێكی‌ به‌په‌له‌ له‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌

:: PM:02:22:17/10/2020 ‌
نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ په‌یامێكدا سه‌ركۆنه‌ی‌ ڕووداوه‌كانی‌ ئه‌مڕۆی‌ به‌غدا و سووتاندنی‌ لقی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌كات.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 17ی‌ ئۆكتۆبه‌ر، نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ په‌یامێكدا ڕای‌ گه‌یاند، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ گرووپێكی له‌ یاساده‌رچوو باره‌گای لقی پارتی دیموكراتی كوردستانیان له‌ شاری به‌غدا سووتاند و له‌ كاتی هێرشه‌كه‌دا ئاڵای كوردستان و وێنه‌ی سیمبۆله‌كانی كورد سووتێنراون و ئاڵای حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵكراوه‌.

به‌ كرده‌وه‌یه‌كی ئاژاوه‌گێڕانه‌ی داده‌نێین
"ئێمه‌ ئه‌و هێرشه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین و به‌ كرده‌وه‌یه‌كی ئاژاوه‌گێڕانه‌ی داده‌نێین. هێرش بۆ سه‌ر باره‌گای حزبێك كه‌ هێزێكی سه‌ره‌كیی ڕووخاندنی دیكتاتۆری بووه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سه‌ر مێژووی خه‌باتی هاوبه‌شی كورد و هێزه‌ عێراقییه‌ شۆڕشگێڕه‌كان له‌پێناو نه‌هێشتنی زۆرداری و دیكتاتۆری. هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر  پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌، له‌باربردنی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌ و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ده‌ستوور و دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ، ناكۆكه‌". نێچیرڤان بارزانی‌ له‌ په‌یامه‌كه‌دا وای‌ نووسیوه‌.

هه‌روه‌ها باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق مێژوویه‌كی تازه‌ی هاوبه‌شیان له‌ شه‌ڕی داعشدا تۆمار كرد، "ئێمه‌ هیوادارین ئه‌و هاوبه‌شییه‌ هاوكارییه‌كی زیاتری به‌دوادا بێت له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ له‌پێناو ده‌ربازكردنی هه‌موو خه‌ڵكی عێراق له‌و بارودۆخه‌ ناخۆشه‌ی تێی كه‌وتووه‌". 

سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ڵێ‌، نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێك له‌ هیچ بوارێكدا ئه‌و هاوبه‌شییه‌ تازه‌یه‌ی نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كانی عێراقی تازه‌دا تێكبدات، ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك ئه‌و هاوخه‌باتییه‌ی ڕابردوو به‌كار بێنین بۆ یارمه‌تیدانی حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق له‌پێناو هێنانه‌كایه‌ی به‌ڕێوه‌بردنێكی باشتر كه‌ له‌ خزمه‌ت خه‌ڵكی عێراقدا بێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم