دەرمانەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە پرۆتۆکۆڵی هەرێمی کوردستانیش هەیە

:: PM:04:34:17/10/2020 ‌
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پرۆتۆکۆڵە بەردەوامە کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا لە عێراق و وڵاتانی تریش رەچاو دەکرێت و هەمان جۆر دەرمان لە پرۆتۆکۆڵەکەدا هەیە کە رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بە کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی هەژمار کردووە.

دکتور ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی دا ئەو پرۆتۆکۆڵە ی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا گرتوویانەتەبەر هاوشێوەی عێراقە و بە هەمانەهگی who چ شتێک لە قازانجی نەخۆش و چارەسەرکردنیاندایە گرتوویانەتەبەر.

دێگزامێتازۆنەش کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی باسی دەکات لە ناو پرۆتۆکۆڵەکەی هەرێمیش بوونی هەیە
ئەو دەڵێت زۆر جار بۆچوونی جیاوازی پزیشکانیش دەبیستن بەڵام لە راستیدا هێشتا کۆرۆنا دەرمانی چارەسەری نییە و ئەو دێگزامێتازۆنەش کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی باسی دەکات لە ناو پرۆتۆکۆڵەکەی هەرێم بوونی هەیە و لە کاتی پێویستدا بۆ نەخۆشەکان بەکاریان هێناوە.

پێویستە بگوترێت سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی ئەو دەرمانەی ئاشكرا كرد كە تا ئێستە زۆرترین كاریگەریی لەسەر چارەسەركردنی كۆرۆنا هەبووە.

ئادهانۆن گریسۆسا سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی دەڵێت، ئەو دەرمانە دێگزامێتازۆنە و داواشی كردووە هەرچی زووە پێدانی دەرمانی هایدرۆ كلۆرۆكوین و چەند دەرمانێکی تر بۆ چارەسەركردنی كۆرۆنا بوەستێنرێت.

ڤایرۆسی كۆرۆنا بە تەواوی دنیادا بڵاو بووەتەوە و تا ئێستە سەرووی ملیۆنێك و 100 هەزار كەسی كوشتووە و نزیكەی 39 
ملیۆن كەسیشی تووش كردووە.
 
  


وشە - سلێمان تاشان