"هێرشبەرانی سەر بارەگای پارتی دەیانەوێ گەندەڵی و بێدەوڵەتی لە عێراق بەردەوام بێت"

:: PM:05:46:17/10/2020 ‌

ئەمڕۆ بە پاساوێكی قبووڵ نەكراو گرووپێك بەناوی "رەبعەڵا"، سەر بە حەشدی شەعبی، هەڵیان كوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا و بارەگاكە و هەردوو ئاڵای كوردستان و پارتیان سووتاند، بەرانبەر بەو كارە كەسایەتییە نیشتمانپەروەرەكانی عێراق لە سەركۆنەكردنی هێرشەكە بەردەوامن، كە بەرجەستەی ئەجیندایەكی تەحەدا بۆ حكوومەتی عێراق و بەدەوڵەتبوونی دەكات.
دەبێ پەرلەمان و حزبەكانی عێراق سەركۆنەی ئەو كارە گوماناوی و شەرمەزارییە بكەن
میسال ئالووسی، سیاسەتوانی دێرینی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بەتوندی سەركۆنەی دەستدرێژییە تیرۆریستی و گێرەشێوێنییەكەی ئەمڕۆی بەغدا كرد، ئەوەی دەستەیەكی بەكرێگیراو لەلایەن گەندەڵكار و یاساشكێنەكان بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامیان دا، لەوانەی دەیانەوێ بەمەبەست ئاگری دووبەرەكیی نەتەوەیی خۆش بكەن بۆ ئەوەی لە گەندەڵی و دزی شەریعەتی جەنگەڵ و بێدەوڵەتی بەردەوام بن.  

روونی كردەوە، لە حكوومەتی عێراق داواكراوە ئەو تەحەدایە قبووڵ بكات و داواكاری گشتی ئاراستە بكات بۆ رەوانەكردنی تاوانكاران بۆ دادگا و رەتكردنەوەی هەموو شێوازێكی تیرۆر بەرانبەر بە هاووڵاتییان و دامەزاروەكانی دەوڵەت و ئاسایش و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، لێرەوە حزبەكانی عێراق و پەرلەمان داوایان لێ كراوە سەركۆنەی ئەو كارە گوماناوی و پڕ لە نەگییە بكەن و پێویستە كار لەسەر بڵاوكردنەوەی گیانی هێوربوونەوە بكرێ و یاسای كارا بكرێ و هەموو پاساوێكی تیرۆر رەت بكرێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل