سەڵاحەدین.. میلیشیاكان هەشت كەس دەكوژن و چواریش دەڕفێنن

:: PM:07:13:17/10/2020 ‌

ئەمڕۆ شەموو لە شارۆكەی بەلەد لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، گرووپێكی چەكدار كە بەپێی سەرچاوەكان سەر بە لیوای 41ی عەسائیب ئەهلولحەقی حەشدی شەعبین، 12 كەس دەڕفێنن، تەرمی هەشتیان بە كوژراوی دەدۆزرێتەوە و چواریان تا ئێستە چارەنووسیان دیار نییە.
چارەنووسی چوار هاووڵاتی دیار نییە
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای سەڵاحەدین روونی كردەوە، بەیانی ئەمڕۆ 12 كەس، لەوانە منداڵیان تیادایە، لە شارۆكەی بەلەد لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدینی سوننە نشین، رفێنراون، دواتر تەرمی هەشتیان دۆزرایەوە كە گولەباران كرابوون و لە ناوچەیەكی كشتوكاڵیدا فڕێ درابوون، هاوكات چارەنووسی چواریان تا ئێستە نادیارە.

پۆلیسی سەڵاحەدین لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە هەشت تەرمی هاووڵاتییانیان لە خەڵكی ناوچەی فەرحاتییەی سەر بە شارۆكەی بەلەد لە باشووری تكریت دۆزیوەتەوە، لە كۆی 12 هاووڵاتی لەلایەن هێزێكی چەكداری نەناسراو رفێنراون و تا ئێستە چارەنووسی چوارەكەی تر دیار نییە.

عەمار خەلیل، پارێزگاری سەڵاحەدین لای خۆیەوە داوایەكی بەپەلەی راساتەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە و گوتی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لایەنێكی نەناسراو 12 گەنجی خەڵكی ناوچەكەی رفاندووە و دوای یەك سەعات تەرمی هەشتیان بە گولەبارارنكراوی دۆزرایەوە و چارەنووسی چوارەكەی تر دیار نییە.

بەپێی سەرچاوەكان، هێزێكی سەر بە میلیشیای عەسائیب ئەهلولحەق، كە گرووپێكی حەشدی شەعبییە، 28 كەسیان لە خەڵكی دەوروبەری شارۆكەی بەلەد رفاندووە و ژمارەیەكیان كوشتوون و چارەنووسی ئەوانیتر دیار نییە، لەوكاتەی ناوچەكە بە هێزە تەناهییەكانی عێراق دەورە دراوە لە پۆلیسی و سوپای عێراق. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل