شرۆڤەكارێك: هیچ بیانووێك بۆ سووتاندنی ئاڵای كوردستان نییە و هێزە تەناهییەكان بێ لایەن نەبوون

:: PM:08:19:17/10/2020 ‌

ئەمڕۆ گرووپێكی سەر بە حەشدی شەعبی لە بەغدا بارەگای لقی 5ی پارتییان سووتاند، جیا لەوە ئاڵای كوردستانیان سووتاند، ئەوەیش سەركۆنەكردنی ناوخۆیی و دەرەكی لێ كەوتەوە، شرۆڤەكارێكی سیاسی ئاماژە دەكات، لە عێراق هەمیشە دەرفەت هەبووبێ پەلاماری ئاڵا و سیمبولی كورد دراوە.
ئاڵای كوردستان ئاڵای حزبێك نییە، ئاڵای نەتەوەیەكە
ئەبوبەكر عەلی، شرۆڤەكاری سیاسی ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەوەتەی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و تا ئێستە، كۆمەڵێك هەن لە عێراقدا بڕوایان بە قەوارەی جیاواز و ئاڵای كورد نییە و لە هەموو دەرفەتە جیاجیاكاندا دژایەتیی خۆیان بۆ ئاڵا و پیرۆزی و سیمبول و كەسایەتی سەر‌بەخۆی كوردستان دەردەبڕن.

 زیاتر گوتی، بەدڵنیاییەوە هیچ پاساوێك بۆ سووتاندنی ئاڵای كوردستان نییە، ئاڵای كوردستان ئاڵای حزبێك نییە، ئاڵای نەتەوەیەكە، ئەگەر تۆ ڕێز لە سیمبولی نەتەوەیەك بگری و بڕوات بە پێكەوەژیان هەبێت، دەبێ ڕێز لە ڕەمزەكان و ئاڵاكەیشی بگریت، بۆیە سووتاندنی ئاڵای كوردستان پێچەوانەی دەستوور و پێكەوەژیانی ئاشتیخوازانە و ئەخلاقی سیاسی دیموكراسییە.

ئەو شرۆڤەكارە روونی كردەوە، هێرشكردنەسەر بارەگا حزبییەكان و بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە هەر حزب و لایەنێك لە وڵات، نیشانەیەكی خراپە بۆ ئەو وڵاتە و نیشانەی نەبوونی هەیبەتی  دەوڵەت و نەبوونی سەروەریی یاسا و سەقامگیریی كۆمەڵایەتی لەو كۆمەڵگایە نیشان دەدات‌.

"وەك بنەما لە بەرانبەر لێدوانی سیاسی، نابێ توندوتیژی بەكار بێ و قسەكەرەكە هەر حزبێك بێت یان بارەگاكە هی هەر حزبێك بێت، بەتایبەت لە چوارچێوەی یاسادا كار دەكات، لێدوان لە بەرانبەردا لێدوان دەبێت هەبێت، دەبێ لەكاتێكدا كێشەیەك دروست دەبێت، بە گفتوگۆ چارەسەری بكرێ و ئەگەر بە گفتوگۆ چارەسەر نەبوو، پەنا ببرێتە بەر دادگا نەوەك هەر لایەنە و لەلای خۆیەوە دەست بۆ توندوتیژی بەرێت"، ئەبوبەكر عەلی وای گوت.

 ئەوشرۆڤەكارە سیاسییە پێ وایە كوردستان پێویستی بە یەكگرتوویی هەموو لایەنەكان هەیە، ئەگەر ئێمە لە ناوخۆی خۆمان یەكگرتوو بین، ئەوە حسابی جیاوازمان بۆ دەكرێ و ڕێز لە پیرۆزییەكانمان دەگیردرێت، روونی كردەوە، هێزە تەناهییەكان دەیانتوانی دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و بارەگای پارتی و ئاڵای كوردستان نەسووتێندرێت، بەڵام نەیان كرد، بۆیە هێزە تەناهییەكان بێ لایەن نین.

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل