لە قەڵادزێوە تا پێنجوێن پەکەکە قاچاخچێتی دەکات

:: PM:08:34:17/10/2020 ‌

لە سنووری شارۆکەی قەڵادزێوە تا دەگاتە سنووری پێنجوێن قاچاخچێتی لەگەڵ ئێران لە پەرەسەندندایە و پەکەکە لە سنووری گوندەکانی هەرێم و پاسداریش لە دیوی گوندەکانی ئێرانەوە گومرك لە قاچاخچییەکان وەردەگرن.

هاووڵاتیی جەمال ئیسماعیل لە یەکێک لە گوندی کەناروێی سەر بە قەزای چوارتا بە ''وشە''ی ڕاگەیاند، ئێستە قاچاخچێتی زیاتر بە ئاژەڵەوە دەکرێت، وەک مەڕ و بزن، بەتایبەتی لە ئێرانەوە دێت و لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێتەوە.

زیاتر گوتی، لە دیوی ئێرانەوە پاسداری ئێرانی گومرگی ئەو قاچاخچێتیە دەکەن، لەم دیویشدا چەکدارانی پەکەکە گومرگ وەردەگرن بۆ ئەو کارەش پێوەندی لەنێوان پەکەکە و پاسدارەکاندا هەیە.

بە گوتەی کامەران حەسەن، بەهۆی کەمی پۆلیسی پاسەوانی سنوورەوە، کۆنتڕۆڵکردنی قاچاخچێتی لەو سنوورانە زۆر ئەستەمە

بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە کە خۆی جار جار دەچێتە ئێران و ئاگاداری دۆخەکەیە، پەکەکە لە گوندی کەناروێ دوو بارەگای هەیە، لە سەرسنووریش چەکدارەکانیان دەرچوونیان هەیە گومرگی ئەو قاچاخچێتییە دەکەن و بارەگاکانیان ئادار دەکەنەوە کە گومرگی ئەو پۆلە مەڕو بزنە نەکەن.

کامەران حەسەن قایمقامی قەزای ماوەت بە ''وشە''ی ڕاگەیاند، لە قەندیلەوە تا پێنجوێن کاری قاچاخچێتی دەکرێت، بەهۆی فراوانی سنوورەکەش ناتوانرێت بە پاسەوانی سنوور کۆنتڕۆڵ بکرێت.

ئەوەیشی ئاشکرا کرد، ئێستە زیاتر قاچاخچێتی بە ئاژەڵ و پەلەوەرەوە دەکرێت، لەو جێگایانەش پەکەکە گومرگیان لێدەسەنێت.

بە گوتەی کامەران حەسەن، بەهۆی کەمی پۆلیسی پاسەوانی سنوورەوە، کۆنتڕۆڵکردنی قاچاخچێتی لەو سنوورانە زۆر ئەستەمە، بۆیە ئەگەر بتەوێت دیاردەکە کەم بکەیتەوە دەبێت پاسەوانی سنوور زیاد بکرێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان