پەروەردە داوایەك ئاراستەی مامۆستایان دەكات

:: AM:08:31:18/10/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایی سلێمانی داوا لە مامۆستایان دەكات بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن، چونكە چارەنووسی خوێندن بەم شێوەیە لەبەرژەوەندی قوتابی و خوێندكار نابێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی تشرینی یەكەم، لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایی سلێمانی هاتووە، وەك ئاگەدارن ماوەی چەند ڕۆژێكە دەوامی فەرمی قوتابخانەكان بەگوێرەی قۆناغەكان دەستی پێ كردووە، بەڵام لە سنووری هەردوو پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سلێمانی بەهۆی دواكەوتنی مووچە و خراپی گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەوام بەپێی پێویست نەكراوە.

بەرپرسانی پەروەردەیی پێمانوایە كاتی ئەوەهاتووە بچینەوە ناوەندەكانی خوێندن و دەوام دەست پێ بكەنەوە 
لە ئاگەدارییەكە ڕوونكراوەتەوە، ئێمەوەك پەروەردەكاران و بەرپرسانی پەروەردەیی پێمانوایە كاتی ئەوەهاتووە بچینەوە ناوەندەكانی خوێندن و دەوام دەست پێ بكەنەوە و بەگوێرەی فەرمانە وەزرییەكان كە پۆلەكانی یەك و دووی بنەڕەتی و پۆلی 12ی ئامادەیی بەهەموو بەشەكانییەوە لەناو قوتابخانە دەوام دەكەن و پۆلەكانی تریش بەشێوازی خوێندنی ئەلكترۆنی دەبێت.

لە ئاگەدارییەكەی بەرپرسانی پەروەدەی سلێمانی باس لەوەكراوە، چارەنووسی خوێندن بەم شێوەیە لەبەرژەوەندی قوتابی و خوێندكار نابێت دەزانین هەریەكەمان چەند لە دواكەوتنی مووچە و بێدادی نیگەرانین و لەگەڵ گشت مافە ڕەواكانی مامۆستایانین هێندەیش نیگەرانی پرۆسەكەین بۆیە داواكارین لەسەرجەم بەڕێوەبەر و مامۆستایانی بچنەوە ناوەندەكانی خوێندن ودەوام دەست پێ بكەنەوە.


وشە - رامیار جەواد