رێژەی مردنی تووشبووانی کۆرۆنا لە تاران سەرووی 12% ە

:: AM:10:02:18/10/2020 ‌
دەرەنجامەکانی توێژینەوەیەک دەری خستووە 12.3% لە تووشبووانی کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانەکانی تاران خەوێندراون گیانان لە دەست داوە و ئەم رێژەیەش زۆر بەرزە.

ئەم توێژینەوەیە ئەمڕۆ یەکشەم لە رۆژنامەی هەمشەهری بڵاوکراوەتەوە و دەرەنجامەکەش نیشانی دەدات هەموو ئەو پلانانەی لە تاران دژی کۆرۆنا گیراونەتە بەر شکستیان هێناوە.
سێ هەزار و 155 کەس گیانیان لەدەست داوە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵ لە سێ نەخۆشخانەی گەورەی تاران 48 هەزار و 393 کەس بەهۆی کۆرۆنا خراونەتە ژێر چاودێری و لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 155 کەس گیانیان لەدەست داوە.

بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاماری شوێنەکانی تریان بڵاو نەکردووەتەوە و نەیانویستووە تەواوی ئامارەکان ئاشکرا بکەن.

پێشتر ناهید خوداکەرەمی جێگری وەزیری تەندروستی ئێران  کۆی ئاماری کۆرۆنا لە تاران لە هەمان ماوەی بە 12 هەزار حاڵەت راگەیاندبوو لە کاتێکدا وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە ئامارەکە چوار هێندەیە ئەویش نەک لە هەموو نەخۆشخانەکان بەڵکوو لە سێ نەخۆشخانە.

تێکڕای تەمەنی تووشبووانی کۆرۆنا لە تاران 57 ساڵ بووە زۆرترین تەمەنیش کە بەهۆی نەخۆشییەکە گیانیان لەدەست داوە سەرووی 80 ساڵ بوون.

جێگری وەزیری تەندروستی ئێران گوتوویەتی نابێت باس لەوە بکرێ هەر لە رێگای تووشبوونی زۆرینەی خەڵک بە کۆرۆنا بەرگری گشتی دروست بکرێ چونکە ئەمە پێویستی بەوە هەیە 60%ی دانیشتووان تووشی کۆرۆا ببن و لەو کاتەشدا قوربانییەکان  بە ملیۆنان کەس دەبن.
  


وشە - سلێمان تاشان