گۆڕان و كۆمەڵ سێ‌ پۆستی نوێ‌ وەردەگرن

:: AM:10:21:18/10/2020 ‌
بڕیارە ڕۆژی سێشەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت و گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی سێ‌ پۆستی نوێ‌ لەو شارە وەربگرن.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی تشرینی یەكەم، سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەن هەیە بۆ دیاریكردنی كاتی كۆبوونەوە و بەرنامەی ئەنجوومەن كە بڕیارە ڕۆژی سێشەم بەڕێوە بچێت.

بەرنامەی كار بریتی دەبێت لە دەنگدان بە سێ‌ بەڕێوەبەری گشتی نوێ‌ لە شاری سلێمانی
ئەو سەرچاوەیە گوتی، بەپێی بەرنامەی كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ دیاری دەكرێت، بەرنامەی كار بریتی دەبێت لە دەنگدان بە سێ‌ بەڕێوەبەری گشتی نوێ‌ لە شاری سلێمانی.

باسی لەوەش كرد، دوو پۆستیان بۆ بزووتنەوەی گۆڕانە كە بریتین لە بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری سلێمانی و بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی سلێمانی، هەروەها پۆستەكەی كۆمەڵی ئیسلامیش بریتییە لە بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی ئەو شارە كە بەڕێوەبەرەكەی پێشوو لە پشكی كۆمەڵی ئیسلامی بووەتە پەرلەمانتار كە عومەر گوڵپییە.

پڕكردنەوەی ئەو پۆستانە لە كاتێكدایە پێشتر حزبەكانی سلێمانی ڕایان گەیاندبوو كەس ئامادە نییە ئەو پۆستانەی لە شاری سلێمانی ڕادەست بكاتەوە كە ئێستە بەشێكیان بوونەتە ئۆپۆزسیۆن.



وشە - رامیار جەواد