پێنجەمین پێشانگای هەنگوین دەكرێتەوە

:: PM:01:09:18/10/2020 ‌
بەرپرسی كارگێڕی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەمساڵ پێنجەمین پێشانگای هەنگوین لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ی تشرینی یەكەم، لوقمان عومەر بەرپرسی كارگێڕی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی 28ـی تشرینی یەكەم پێنجەمین پێشانگای هەنگەوانان لە سلێمانی دەكرێتەوە.

جۆرەكانی هەنگوین نمایش دەكرێت بۆ فرۆشتن وەك هەنگوینی كوێستانەكان و هەنگوینی دەشتەكان
كارگێڕی كۆمەڵەی هەنگەوانان گوتی، لەو پێشانگایە سەرجەم پێداویستی و جۆرەكانی هەنگوین نمایش دەكرێت بۆ فرۆشتن وەك هەنگوینی كوێستانەكان و هەنگوینی دەشتەكان.

باسی لەوەش كرد، لەگەڵ پابەندبوونمان بە ڕێنوێنییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان ئەو پێشانگایە بەڕێوە دەچێت و مەرجی ناونووسین وەك بەشداریی، بریتییە لەوەی پێویستە ئەو كەسە هەنگەوان بێت و بەڵێننامە پڕ بكاتەوە لە كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان كە پابەند بێت بە مەرجەكان و هەنگوینی خۆی بێت.

ڕوونی كردەوە، تەنیا هەنگەوانانی كوردستان بەشداری پێشانگاكە دەكەن ئەوەیش بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستە هەیە ناتوانرێت بەشداری بە هەنگاوانانی وڵاتانی تر بكرێت.

كۆمەڵەی هەنگەوانان لە ساڵی 2002 دامەزراوە و خاوەنی سێ‌ هەزار ئەندامە، كۆمەڵەیەكی زانستییە بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی بەرهەمی هەنگوین لە هەرێمی كوردستاندا.



وشە - رامیار جەواد