مەسروور بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کۆ بووەوە

:: PM:01:57:18/10/2020 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کرد و کۆ بوونەوە.

ئەمڕۆ یەکشەم 18ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بیرەندەر سینگ یاداڤ باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی و باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کۆ بووەوە و پێوەندییەکانی هیندستان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد. 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری وزە و کشتوکاڵ و تەکنەلۆجیای زانیاری (IT).

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی لە بواری پێشکەشکردنی ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی.

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەشی بە پێگەی هەرێمی کوردستان دا کە دەکرێ ببێتە بنکەیەکی بازرگانیی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا.


وشە - ڕێناس شابان