حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەو چاکسازییانەی پێویستە لە کەرتی کارەبادا بکرێن و سیاسەتە سەرەکییەکەی لەم پێوەندییەدا کەمکردنەوەی خەرجییەکان و گەیاندنی خزمەتگوزارییە بە هاوولآتییان.
باسی لە گرتنەبەری مێتۆد و شێوازی نوێی کۆنترۆڵ و دابینکردنی کارەبا لە کوردستان کردووە
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا باسی لە گرتنەبەری مێتۆد و شێوازی نوێی کۆنترۆڵ و دابینکردنی کارەبا لە کوردستان کردووە و دەڵێت، ئاستی داخوازی لەسەر کارەبا لە کوردستان لە بەرزبوونەەدایە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت.
ئەو نووسیویەتی خەریکی مۆدێرنیزە کردنی ژێرخانی کارەبا و گرتنەبەری رێوشوێنی نوێن بۆ ئەوەی خەرجییەکان کەم بکەنەوە و بۆ پڕۆژەی تری خەرج بکەن کە دواجار تەواوی خەڵکی کوردستان لێی سوودمەند دەبن.
خەرجی رۆژانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبا ملیۆنێک و 700 هەزار دۆلارە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تویتەکەیدا وێنەیەکیشی داناوە کە باس لە خەرجییەکانی رۆژانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای ماڵان و کەرتی بازرگانی دەکات، بە پێی ئەو ئامارەش خەرجی رۆژانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبا ملیۆنێک و 700 هەزار دۆلارە.
ئەگەر بۆ ساڵێک ئەم خەرجییانە لێک بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کۆی خەرجیی ساڵیکی حکوومەت بۆ ئەو مەبەستە دەگاتە 620 ملیۆن دۆلار.
پێویستە بگوترێت هەر دوێنێ لە دیمانەیەکی "وشە" لەگەڵ ئەندازیار ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان باس ئەو هەنگاوانە کراوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی کەرتی کارەبا گرتوویەتە بەر و لە دیمانەکەدا باس لە سووربوونی سەرۆک وەزیران لە چاکسازییەکانی کەرتی کارەبا کراوە.
بەشداری بە کەرتی تایبەت بکات بەو مەرجەی نرخی کارەبا لەسەر هاوولآتییان زیاد نەکات
ئومێد ئەحمەد ئاماژەی داوە پلانی حکوومەت ئەوەیە لە پرسی دابەشکردنی کارەبا بەشداری بە کەرتی تایبەت بکات بەو مەرجەی نرخی کارەبا لەسەر هاوولآتییان زیاد نەکات بەڵام خەرجییەکانی حکوومەت کەم ببنەوە .
ئەو روونی کردووەتەوە کۆنترۆكردنی خواست زۆر پێویستە و کۆنترۆڵکردنی خواست پێویستییەکی هەنووکەییە، چونکە 35% لە کارەبای هەرێم زیادەڕۆیی کراوەتە سەر و دەبێت بیگڕنەوە. دووەم دەبێ کارەبا لە بەشێوەیەکی دروست و شیاو بە سروشتی وەزیفەی خۆی سوودی لێ وەرگیرێت و داهاتیش دیار بێت . هیچ سیستمێکی ئابووری و هیچ وڵاتێک ناتوانێت ئەمە تەحەمول بکات، بۆیەش دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی پێوەری زیرەکی کارەبا. ملیۆنێک و 640 هەزار هاوبەش هەیە و 335 هەزار پێوەری زیرەک دانراوە.
ئەندازیار ئومێد ئەحمەد هەروەها دەڵێت وەک چۆن هاوینی ئەمساڵ لە هاوینی 17 ساڵی رابردوو باشتر بوو، ئامانجیانە زستانی ئەمساڵیش لە زستانی ساڵانی رابردوو باشتر بێت .
لەم
لینکە دەتوانن دەقی چاوپێکەوتنەکە بخوێننەوە