ئەنوەر سادات ئەو پیاوەی کۆتایی بە سیاسەتی نە جەنگ و نە ئاشتی هێنا

:: PM:04:20:18/10/2020 ‌
ئەنوەر سادات ئەو پیاوەی کۆتایی بە سیاسەتی نە جەنگ و نە ئاشتی هێنا و هەرچەندە سەری خۆی لەسەر دانا و دواتر زۆر لە وڵاتانی عەرەبی دژایەتییان کرد، بەڵام دوای نیو سەدە دەسەلمێنرێت ئەو رێیەی ئەو گرتبوویەبەر رێیەکی هەڵە نەبووە و وڵات لە دوای وڵاتی عەرەبی ئاشتی لەگەڵ نەیارێکی دێرینەیان پەسند دەکەن.

رێک نیو سەدە و دوو رۆژ لەمەوبەر لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1970 هەواڵی سەرکەوتنی ئەنوەر سادات بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری میسر لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا راگەیەنرا. راپرسییەکە چەند رۆژێک دوای مردنی جەمال عەبدولناسر بەڕێوە چوو و سەرووی 90%ی دەنگدەرانی میسر بە بەڵێ دەنگیان بە ئەنوەر سادات دا.

ئەنوەر سادات لە ساڵی 1939 بووبووە ئەفسەری سوپای میسر و هەر ئەوکات لەگەڵ جەمال عەبدولناسر ئاشنا بووبوو
ئەنوەر سادات لە ساڵی 1939 بووبووە ئەفسەری سوپای میسر و هەر ئەوکات لەگەڵ جەمال عەبدولناسر ئاشنا بووبوو. ئەو لە کودەتا دژی مەلیک فاڕووق رۆڵی هەبوو و بە یەکێک لە 11 ئەفسەرەکەی ئەنجوومەنی شۆڕش لە ساڵی 1952 هەژمار دەکرێت.

لە سەردەمی جەنگدا بەهۆی ئەو پێوەندییەی لەگەڵ حەسەن بەنا رێبەری ئیخوان موسلیمین هەیبوو، بە پردی پێوەندی نێوان ئەو رێکخراوە ئیسلامییە و ئەفسەرەکان هەژمار دەکرا. لە دوای کودەتا و لە ساڵی 1954 کۆمەڵێک ئەندامی ئیخوان موسلیمینی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی جەمال عەبدول ناسر دادگایی کرد.

کۆمەڵگەی میسر حەزی دەکرد کەسێک جێی جەمال عەبدولناسر بگرێتەوە کە جێی متمانە بێت
ساڵی 1970 و دوای کۆچی دوایی جەمال عەبدول ناسر دۆخێکی تایبەت بەسەر میسردا زاڵ بوو و کۆمەڵگەی میسر حەزی دەکرد کەسێک جێی جەمال عەبدولناسر بگرێتەوە کە جێی متمانە بێت و پێشتریش ئەنوەر سادات ناوبانگێکی زۆری هەبوو و تەنانەت ئەوکات رۆژنامەی ئەهرام کۆمەڵێک بابەتی لەسەر ئەوە بڵاو کردەوە، جەمال عەبدولناسر تا چ ئاستێک متمانەی بە ئەنوەر سادات هەبووە و لە گەشتێکدا کە بۆ رەبات ئەنجامی دا، بەر لە گەشتەکەی ئەنوەر ساداتی کردە جێگری خۆی و ئەوەش وەک وەسیەتێک لێک درایەوە کە جەمال عەبدولناسر مەبەستی ئەوە بووە دوای خۆی خەڵک پشتی ئەنوەر سادات بگرن.

پرسی مردنی جەمال عەبدولناسر و داهاتووی رێبەریکردنی میسر تەنیا پرسێک نەبوو تایبەت بە میسر، بەڵکو بەهۆی ئەو پێگە بەهێزەی میسر لە دنیای عەرەبی هەیبوو  و تایبەتمەندیی کارزیماتیکی جەمال عەبدولناسر وای کردبوو دەستنیشانی جێگرەکەی جێی بایەخ بێت.

ئەوکات جەمال عەبدولناسر کۆمەڵێک هەنگاوی بۆ ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل نابوو، بۆیەش پێویست بو پڕۆژە و پلانەکان درێژەیان پێ بدرێت.

ئەنوەر سادات چەند مانگێک دوای وەرگرتنی دەسەڵات، عەلی سەبری یەکێک لە سیاسەتمەدارەکانی نزیک بە یەکێتی سۆڤییەتی لە کارەکەی دوور خستەوە و خۆی پەیمانێکی نوێی لەگەڵ سۆڤییەت واژوو کرد و جڵەوی ئەو پێوەندییانەی بەدەستەوە گرت.

لە کاتێکدا سیاسەتی نە جەنگ و نە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ناڕەزایەتی زۆرینەی عەرەبی لێ کەوتبووەوە، سادات پێی وابوو بە نزیکبوونەوە لە ئەمەریکا  دەتوانێت ببێتە تاکە وڵات کە بە ئامانجی پاشەکشەپێکردنی هێزەکانی ئیسرائیل لەو شوێنانەی لە جەنگەکاندا داگیریان کردبوو، جۆرێک پاڵەپەستۆ لەسەر ئیسرائیل دروست بکات.

کۆمەڵێک چاکسازی لە چوارچێوەی سیستمی لیبراڵی و سەرمایەداری ئەنجام دا.
وردەوردە سادات بەرانبەر هەژموونی یەکێتی سۆڤییەت لە میسر وەستا و کۆمەڵێک چاکسازی لە چوارچێوەی سیستمی لیبراڵی و سەرمایەداری ئەنجام دا.

ئەو کەسێک بوو مۆتەکەی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیلی لەناو برد و لە ساڵی 1977 سەردانی قودسی کرد، بە بۆچوونی سادات 80%ی دوژمنکارییەکانی وڵاتانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل دوژمنکارییەکی دەروونی بوو.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا ، ئەو لە ماوەی 11 ساڵ دەسەڵاتدارێتی پێشانی دا بەر لەوەی کە بیر لە رزگارکردنی فەلەستین بکاتەوە، بیری لە میسر کردەوە.

هەوڵەکانی سادات رێککەوتننامەی کەمپ دێڤید بە میانگیری ئەمەریکای لێ کەوتەوە.
هەوڵەکانی سادات رێککەوتننامەی کەمپ دێڤید بە میانگیری ئەمەریکای لێ کەوتەوە. سەرەتا هەڵوێستێکی نەرمی وڵاتانی عەرەبی بەدواوە بوو، بەڵام دواتر بەرەیەک لە دژایەتیکردنی ئەم رێککەوتنە لە وڵاتانی جەزائیر، لیبیا، سووریا، یەمەنی باشوور و فەلەستینی لێ کەوتەوە.

لە ناوخۆی میسریش هەندێک دژی ئەم رێککەوتنە بوون و لە ئێرانیش دوای چوار مانگ لە رێککەوتنەکە و  ساڵی 1979 کە شۆڕش کرا شۆکێک بوو بۆ میسر و وڵاتانی تری عەرەبی.

سادات کە پێوەندییەکی زۆر دۆستانەی لەگەڵ محەمەد رەزاشای پەهلەوی هەبوو و پێشوازی لە محەمەد رەزاشا کرد. شای ئێران لە سەردانی دووەمیدا بۆ میسر لە قاهیرە کۆچی دوایی کرد.

ئیسلامییەکانی ئێران دوژمنکارییەکی زۆریان لەگەڵ ئەنوەر سادات هەبوو
ئیسلامییەکانی ئێران دوژمنکارییەکی زۆریان لەگەڵ ئەنوەر سادات هەبوو  و خومەینی لەسەر رێککەوتنی میسر لەگەڵ ئیسرائیل رقی لە سادات هەڵگرتبوو و هەر ئەوەش وایکرد پێوەندییەکانی تاران و قاهیرە تێکبچن.

ئەنوەر سادات بە ئاشکرا بۆچوونی خۆی بەرانبەر خومەینی دەردەبڕی و دژی رژێمی ئیسلامی ئێران بوو. ئەو لە ئۆکتۆبەری سالی 1981 لە میانەی نمایشێکی سەربازی لە قاهیرە تیرۆر کرا.

ئەنوەر سادات وەک عەبدولناسر سۆسیالیست نەبوو و وەک ئەویش درێژەی بە ناسیۆنالیزم نەدا
کۆماری ئیسلامی ئەوەندە دڵی بەو تیرۆرە خۆش بوو کە دواجار شەقامێکی تارانی بە ناوی خالید ئیسلامبولی کرد کە بکوژی ئەنوەر سادات و ئەندامی گرووپی جیهادی ئیسلامی بوو.

ئەنوەر سادات وەک عەبدولناسر سۆسیالیست نەبوو و وەک ئەویش درێژەی بە ناسیۆنالیزم نەدا، بۆیەش مردنەکەی دواجار نیگەرانی زۆری لەسەر چارەنووسی ئاشتیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل بەدواوە بوو.

ئەوکات دنیای عەرەب هەنگاوەکەی ئەنوەر ساداتیان بە هەنگاوێکی شکستخواردوو هەژمار کرد، بەڵام ئێستە دوای پێنج دەیە دوای ئەو رێیەی سادات دەستی پێ کردبوو، دۆخی ئێستەی وڵاتانی عەرەبی و پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل راستبوونی هەنگاوە ئاشتیخوازانەکان دەسەلمێنن.


وشە - سلێمان تاشان