تا دێت كاردانه‌وه‌ی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم دژی سووتاندنی ئاڵای كوردستان له لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا زیاتر ده‌بێت و ڕای ده‌گه‌یه‌نن، ئاڵا هێمای نه‌ته‌وه‌ییمانه و نابێت سووكایه‌تی پێ بكرێت.
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سیاسی هاوپه‌یمانی نیشتمانی، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئاڵا هێمای هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه و پێویسته پارێزگاری لێ بكرێت و له‌سه‌ری به ده‌نگ بێین، چونكه سووتاندنی ئاڵای كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ركه‌سێكه‌وه بێت كارێكی نابه‌جێیه.
پێویسته حكوومه‌تی عێراق لێپێچینه‌وه بكات
روونیشی كرده‌وه كه ڕاسته ده‌وڵه‌ت نین، به‌ڵام هه‌رێمێكین خاوه‌نی ئاڵای خۆمانین.
لای خۆیه‌وه عه‌بدوڵا وه‌رتێ، گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كووردستان، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، سووتاندنی ئاڵای كوردستان له به‌غدا سووكایه‌تییه به هێمای نه‌ته‌وه‌ی كورد له هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان.
زیاتر گوتی، پێویسته حكوومه‌تی عێراق لێپێچینه‌وه بكات و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌وكاره سزا بدات، چونكه ئاڵای كوردستان ده‌ستووری عێراق دانی پیادا ناوه و ڕێگه‌ی پێداوه به‌رزبكرێته‌وه.
گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان وه‌ك حزبه‌كه‌ی خۆی، سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كاره قێزه‌ونه‌ی كرد و گوتی، "ئه‌و كاره ریسوا ده‌كه‌ین".
هاوكات ره‌سووڵ ڕه‌ئووف، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، سووتاندنی ئاڵای كوردستان له به‌غدا پێشێلكردنی مافی هاووڵاتییانی كوردستانه، چونكه ئاڵا موڵكی هیچ حزب و لایه‌نێك نییه به‌ڵكو موڵكی گه‌لی كوردستانه.
ئه‌و گوتی، سووتاندنی ئاڵا زۆر شت هه‌ڵده‌گرێت كه ناكرێت وه‌ك ڕووداوێكی ئاسایی لێی بڕوانرێت، چونكه ئاڵا پیرۆزی خۆی هه‌یه و هه‌زاران شه‌هیدمان له پێناویدا داوه.
له كۆتاییدا ئه‌وه‌شی زیاد كرد، ئاڵای كوردستان هه‌موو حزبه‌كانی كوردستانی هێنایه سه‌ر هێڵ و ئیدانه‌ی ئه‌وكاره‌یان كرد.
سووتاندنی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئاڵای پارتی و كوردستان پێكه‌وه، زۆر مانا هه‌ڵده‌گرێت، كه سه‌ره‌كی ترینی ئه‌وه‌یه پارتی تاكه حزبی گه‌وره‌ی كوردستانه به‌رگری له ئاڵا‌و هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان ده‌كات.
سلێمانی/ هه‌ستیار عه‌بدوڵا