هێرشكردنە سەر كورد و سوننە.. میلیشیاكان شكۆی دەوڵەتی عێراق دەشكێنن

:: PM:08:13:18/10/2020 ‌

لەوەتەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 12ی ئایاری ئەمساڵ فەرمانڕەوایەتی لە عێراق گرتە دەست كە لە پشكی شیعەیە، ئەو بە سازانێكی دوور بە دووری ئەمەریكا و ئێران و لە چوارچێوەی سیاسەتێكی ئێران بۆ فەرمانڕەواتییەكی رووكەش بۆ كازمی و كردەنی بۆ میلیشیاكان دەسەڵاتی وەرگرت، بۆیە هەموو بەڵێنەكانی لە چوارچێوەی بەرنامە حكوومەتییەكەی، تەنیا دوای رەزامەندیی میلیشیاكان تێپەڕ دەبن، لەپێشەوەیان پاراستنی شكۆ و دەسەڵاتی دەوڵەت و داماڵینی چەكی نایاسایی و لێپرسینەوە لە بكوژی خۆپێشاندەران، كە كلیلی هەموویان لای میلیشیاكانە.
هێرشەكەی بەغدا پەیامێك بوو بۆ كازمی كە تۆ كەسێكی بەهێز نیت
دوێنێ شەموو 17ی تشرینی یەكەم، هاوكات هێرش كرایە سەر كورد و سوننە، بكەر دیارە كە میلیشیاكانی شیعەن، كاتێك گرووپێكی حەشدی شەعبی بەناوی "رەبعەڵا"، هەڵیان كوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا و جیا لە سووتاندنی بارەگاكە، ئاڵای كوردستانیشیان سووتاند، حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەك پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەكە كرد، هەر دوێنێ لە شارۆكەی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین گرووپێكی چەكداری سەر بە عەسائیب ئەهلولحەق، 12 گەنجی سوننەیان رفاند و هەشتیان گولەباران كردن و تەرمەكانیان دۆزرایەوە و چارەنووسی چوارەكەی تر دیار نییە، لە دوو هێرشی بكەر و مەبەست و قوربانی دیار لەبەرچاوی هێزە تەناهییەكانی عێراق.   

میسال ئاڵووسی، سیاسەتوانی دێڕینی عێراق لەبارەی رووداوەكەی بەغدا بۆ "وشە" گوتی، دوێنێ دیمەنێكی بەئازارمان بینی كە میلیشیاكان و ئەوانەیشی لەپشتیان وەستاون لە دەرەوەی سنوور، هێرشیان كردە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، پەیامەكان روون بوون، لەپێشەوەیان بۆ مستەفا كازمی كە تۆ كەسێكی بەهێز نیت، ئەوەی رووی دا كارەساتێكی گەورە بوو، پەیامی دووەمیان لەناوبردنی یەكێتی نیشتمانی و ئەو لێبوردوویەی بەرەو عێراقێكی یەكگرتوو هەیە، كورد هەوڵ دەدات بۆ رێككەوتنی هەولێر و بەغدا، كە خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەكات، ئەوان داوای مافی خۆیان بە گفتوگۆ دەكەن، بۆیە پێم وایە ئەوەی دوێنێ رووی دا كاردانەوەی رێككەوتنی شنگال بوو، بەوەی پێویستە كورد ملكەچی ئەو گوشارانە بن كە لە دەرەوەی سنوورەكانەوە دێن.

زیاتر گوتی، سەركەوتنی دوایی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە رێككەوتنی شنگال و مامەڵەكردن بەو شێوازە هێمنانەی، هەموو ئەوانە فاشیستەكانی لە بەغدا نیگەران كرد، پێویستە شتێك بڵێین، دوێنێ 17ی ئۆكتۆبەر، ئەوانەی بەناوی خۆپێشاندەران بوون، وێنەی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیان بەرز كردبووەوە و لەژێرەوەیان نووسرابوو "فەرماندەكانی سەركەوتن"، ئەوە پەیامێكی روونی تاران و حەشدی شەعبی بوو بۆ هەریەك لە هەولێر و كازمی، لەوە مەترسیدار ئەوە بوو كە ئەگەر حكوومەت نەتوانێ یەكێك لە گەورەترین حزب و بنەمای پرۆسەی سیاسی بپارێزێ و لەبەرچاوی هاووڵاتییان، بۆیە ئەوەی دوێنێ هاوارێك بوو، بەوەی ئێمەین فەرمانڕەواین و كازمیش بریتییە لە سەرۆك وەزیرانێك لەناو ناوچەی سەوز، ئێمە كێشەی فاشیزمەكانمان هەیە، بەڵام مامەڵەكردنی كورد لەسەر ئاستی سەركردایەتی و هاووڵاتییان لە ئاستێكی بەرزی بەرپرسیارەتی دابوو.  

ئالووسی روونی كردەوە، پێش زیاتر لە چەند ساڵێك گوێم لە مەسروور بارزانی بوو كە گوتی، عێراق دەوڵەتێكی شكستخواردووە، ئەوە هەڵسەنگاندنێكی ورد بوو كە نەزانەكان لێی تێنەگەیشتن، دانا و ئاقڵمەنەدەكان پێی نیگەران بووین، بەشێك لەوانەی ناوچەی سەوز گرنگیان پێ نەدا، چونكە ئەوان خۆیان دەوڵەتێكی شكستخواردوویان دەوێت.    

ناجح میزان، سیاسەتوانی عێراق لەبارەی كوشتنی 12 هاووڵاتییەكەی فەرحاتییە لە بەلەد ئاماژەی كرد كە ئەو تاوانەی عەسائیب چەند راستییەكی ئاشكرا كرد، ئەوان لەبەرچاوی هێزە تەناهییەكان 12 كارمەندی پۆلیس دەگرن و هەر 500 مەترێك تەرمی یەكێكیان فڕ دەدەن، ئەوە تەنیا كوشتن یان كوشتنێكی ئاسایی نییە، بۆمان دەركەوت كە سەرۆك وەزیرانی كردەنی لە عێراق ئەبو فەدەكە، كە سوپاساری حەشدی شەعبی و فەرماندەی كەتیبەكانی حزبوڵایە، بۆیە ئەوانیتر هەموو فۆتۆشۆپ و درۆن، بە حكوومەت و هێزە تەناهییەكان و پەرلەمان، هەموو درۆ و شانۆگەرییە.

سەبارەت بە رووداوەكەی فەرحاتییە گوتی، عەسائیب زەوییەكی زۆری لە ناوچەكە كڕیوەتەوە و دەیەوێ ئەو ناوچە چۆڵ بكات، بۆیە بەمشێوە خەڵكەكە ناچاری ملكەچبوون و راگواستن بەرەو ناوچەكانیتر لەوانە كوردستان دەكات، راستییەكەی ئەو تاوانانەی روودەدات هۆكارەكەی بێتوانایی كازمییە بەرانبەر بە حەشد، بۆیە پێدەچێ هەمووان رازی بن بەوەی حەشد دەیكات، راستییەكەی ئەوەی حەشد و داعش دەیكەن هەمان شتن و تەواوكەری یەكترن، ئەوان بەشەو دەیكەن و ئەوانیش بەرۆژ، سەبارەت بە لیژنەی لێكۆڵینەوە كە باسی دەكەن، 17 ساڵە دوای هەر تاوانێك لیژنەی لێكۆڵینەوە پێك دێنن و دوایی ئەوانەی دەگیرێن بە فەرمانی ئەبو فەدەك ئازاد دەكرێن، لە عێراق تاوانكاران دیارن ئەوان حكوومەتن، ئەبو فەدەك و قەیس خەزعەل و نوجەبا كێ دەتوانی لێكۆڵینەوە لەگەڵ حكوومەت بكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل