مەرجەكانی پێشكەشكردن بۆ پۆلیسی شنگال ڕاگەیەندرا

:: PM:08:46:18/10/2020 ‌

9ی ئەم مانگە رێككەوتنێكی مێژوویی لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە واژوو كرا، رێككەوتنەكە چەند بڕگەیەك لەخۆ دەگرێت، دوای دیاریكردنی قایمقامی نوێی شنگال، مەرجەكانی وەرگرتنی ئەو 2500 هاووڵاتییە ئێزیدییە بۆ پۆلیسی ناوخۆی شنگال هاتە راگەیاندن.
رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال جێبەجێ دەكرێت
بەپێی نووسراوێك كە بە "وشە" گەیشتووە، مەرجەكانی پێویستە لەو هاووڵاتییانەی پێشكەیشی بوون بە پۆلیسی ناوخۆیی شنگال دەكەن، عێراقی و لە باوك و دایكێكی بە رەگەز عێراقی بێت، تەمەنی لە نێوان 18 تا 35 ساڵ بێت، خاوەن بڕوانامەی سەرەتایی بەرەو سەرەوە بێت، جەستەیەكی تەندروستی هەبێ و پشكنینی پزیشكی ببڕێت، بە تاوان و تاوانی ئابڕووبەرانە نەگیرابێت، شەش وێنەی كەسی مامەڵە بێنێ لەگەڵ ناسنامەی باری شارستانی و پاڵپشتی شوێنی دانیشتنی پەسندكراو لەلایەن موختار و بەڕێوەبەری شارۆكە و قایمقام لەگەڵ پسوولەی خۆراك.

رێككەوتنەكە چەند تەوەر و بڕگەیەك دەگرێتەوە، لەوانە دیاریكردنی كارگێڕییەكی نوێ بۆ شنگال و رادەستكردنی پاراستنی ناوخۆیی بۆ پۆلیس و دامەزراندنی 2500 هاووڵاتی شارۆكەكە وەك پۆلیس، وەدەرنانی گرووپە چەكدارە نایاساییەكان لە حەشدی شەعبی و پەكەكە، جیا بڕگەی تر پێوەست بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە كە بەدەستی داعش وێران كرا.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل