یەكدەنگیی بەرانبەر بە سووتاندنی ئاڵای كوردستان بە هەنگاوێكی گرنگ وێنا دەكرێت

:: PM:09:18:18/10/2020 ‌

 دوێنێ میلیشیاكان لە بەغدا ئاڵای كوردستانیان سووتاند، حزبە كوردستانییەكانی خانەقین وێڕای سەركۆنەكردنی سووتانی ئاڵای پیرۆزی كوردستان، یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەكان و بەدەنگەوەهاتنی هاووڵاتییان بۆ پارێزگاریكردن لە ئاڵاكەیان بە هەنگاوێكی پیرۆز لەقەڵەم دا.
دەستبردن بۆ ئاڵا دەستبردنە بۆ پیرۆزییەكانی نەتەوەیەك
 جیهانگیر جوامێر، بەرپرسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە خانەقین، بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، پرسی ئاڵا وەك پرسێكی نەتەوەیی دەبێ هەمووان پارێزگاری لێ بكەین و رێگە نەدەین كەس سووكایەتی پێ بكات .

روونی كردەوە، دەستبردن بۆ ئاڵا بەو مانایە دێ كە كەسانێك لە عێراقی نوێ یان عێراقی دوای سەدام، بڕوایان بە پێكەوەژیانی نەتەوەكان نییە.

لای خۆیەوە عەباس رەحمان، بەرپرسی حزبی شیوعی كوردستان لە خانەقین بەهەمانشێوە دووپاتی كردەوە، ئاڵا هێمای نەتەوەیە و پیرۆزی خۆی هەیە، دەستبردن بۆ ئاڵا واتە دەستبردنە بۆ پیرۆزییەكانی نەتەوەیەك .

 دووپاتی كردەوە، یەكدەنگیی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، سەلمێنەری ئەو راستییە بوو كە ناكرێ سازش لەسەر پەلاماردانی ئاڵا بكرێ و هیچ بیانوویەك بۆ ئەو پەلاماردانە نییە.

 هەر لەسەر پرسی پەلاماردانی ئاڵای كوردستان، خەلیل خودادا، ئەندامی مەڵبەندی هەشتی خانەقینی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، جێگەی نیگەرانییە هەندێك هێز لە عێراقدا پەیدابوونە بڕوایان بە پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی نییە.

 زیاتر گوتی، دەستبردن بۆ ئاڵا باشترین بەڵگەیە كە هێشتا بیری شۆڤینیەت لە ناخی هەندێك هێزدا ماوە و ئەوانیتر رەت دەكەنەوە، ئەو یەكدەنگی لایەنە سیاسییەكانی بۆ داكۆكیكردن لە ئاڵای كوردستان وەك ئەركێكی نەتەوەیی وێنا كرد.

 رۆژی 17ی ئەم مانگە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە بەغدا پەلاماری بارەگای لقی پێنجی بەغدای پارتی دیموكراتی كوردستانیان دا و ئاڵای كوردستان و وێنەی سیمبولی كوردستانیان سووتاند، ئەو كارەیش نیگەرانی و نارەزایی شەقامی كوردستانی لێ كەوتەوە.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل