کتێبی "نهێنییەک لە نێوەڕاستی ڕووبارێکدا" بڵاو کرایەوە

:: PM:04:10:20/10/2020 ‌
یوسف عێزەدین نووسەر و ڕۆژنامەنووس کتێبی "نهێنییەک لە نێوەڕاستی ڕووبارێکدا"ی چاپ و بڵاو کردەوە.

کتێبی "نهێنییەک لە نێوەڕاستی ڕووبارێکدا"ـی یوسف عێزەدین نووسەر و ڕۆژنامەنووس بە تیراژی 700 دانە لەلایەن چاپخانەی کارۆ چاپ کرا و بڵاو کرایەوە، کتێبێکی 520 لاپەڕەییە. 

یوسف عێزەدین نووسەر لەبارەی کتێبەکەی بە "وشە"ی گوت: کتێبەکە لە کۆبەرجەستەکردنێکی  ئەزموونی گێڕانەوەکانی خۆم پێک هاتووە، لەڕێی چوار ڕۆمان و شانزە تێکستە گێڕانەوەی ناو ئەم کتێبەوە، تاڕادەیەکی زۆر دەتوانن لە مێژووی گێڕانەوەی کوردیی پاش نەوەدەکان تێبگەن.

زیاتر گوتی: ئەم جۆرە گێڕانەوەیە لە ڕووی مێژووییەوە و بەشێوە تەکنیکییەکەی لە جەمیل سائیبەوە دەست پێ دەکات و تا ئەم ساتەوەختەش لەهەڵکشان و داکشانێکی کریتیک و گرنگدایە.

وەک لە هەردوو کتێبی "وەهم و شوناس" و "هەمیشە جەللاد و هەردەم قوربانی" نووسەردا دەردەکەوێت، لەڕێی شێوازی دیالۆگ و نووسینی وتارەوە، کۆمەڵێک لەکێشە فیکری، فەلسەفی، مێژوویی، دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

عەلی ئەشرەف دەروێشیان نووسەری ئێرانی یەکێک لە دەقەکانی کتێبەکەی کردووەتە فارسی، هەروەها موکەڕەم تاڵەبانی نووسەر و وەرگێڕیش هەمان تێکستی کردووەتە عەرەبی، سەعید بلغربی لێکۆڵەر و وەرگێڕی مەغریبیش کتێبەکەی بۆ زمانی ئەمازیغی وەرگێڕاوە و لە ساڵی 2015 چاپی کردووە، ئەمەش یەکەمین کتێبی کوردییە کە بۆ زمانی ئەمازیغی وەرگێڕدرابێ.


وشە - ڕێناس شابان