به‌ڵێن عه‌بدوڵا سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌و دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ "وشه" ئاماژه به دۆخی عێراق و مه‌ترسییه‌كان ده‌كات و ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێوه‌ری ده‌وڵه‌تداری له عێراق نه‌ماوه. له‌باره‌ی دۆخی ناوخۆی كوردستانیش داوا ده‌كات حكوومه‌ت هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر چه‌ند سێكته‌رێك بكات كه راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر زیادبوونی داهات و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مووچه ده‌بێت.
پێویسته به‌زووترین كات نێوماڵی خۆمان ڕێك بخه‌ینه‌وه
-سه‌ره‌تا با له‌وه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین عێراق و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به دۆخێكی زۆر دژوار تێپه‌ڕ ده‌بێت، گه‌لی كوردستانیش له باشوو هێشتا له قۆناغێكدایه له به‌غدا ئاڵاكه‌ی ده‌سووتێنرێ، خوێندنه‌وه‌ی ئێوه بۆ ئه‌و دۆخه چییه؟
با منیش له سووتاندنی ئاڵای كوردستانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌م، ده‌بێ ئه‌و ڕووداوه زۆر به رژدی وه‌ربگرین و نابێ بچووكی بكه‌ینه‌وه له هه‌ڵسوكه‌وتی چه‌ند كه‌سێكی سه‌ره‌ڕۆ و له یاسا ده‌رچوو، پێموایه ئه‌وه به‌رهه‌می ئه‌و سیاسه‌ت و عه‌قڵییه‌ته‌یه كه چه‌ند ساڵێكه له عێراق كاری پێ ده‌كرێ، ده‌بینی له‌ناو حكوومه‌تی عێراق چه‌ند ئاسته‌نگ بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كه‌ن و له ڕاگه‌یاندنه‌كانیان به هه‌مانشێوه، له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانیاندا به‌رده‌وام خه‌ریكی هاندانی خه‌ڵكی عێراقن دژ به هه‌رێمی كوردستان و مافه ده‌ستوورییه‌كان، بۆیه به هیچ جۆرێك گه‌لی كوردستان دڵنیا نییه له ئاینده‌ی خۆی له عێراق، لێره‌دا به ده‌رفه‌تی ده‌زانم جارێكی تر دووپات له‌وه بكه‌مه‌وه كه ئه‌وسیاسه‌ته‌ی به‌رانبه‌رمان پێڕه‌و ده‌كرێ له به‌غدا و له به‌رانبه‌ر ئه‌و مه‌ترسیی و دڵه‌ڕاوكێیانه‌ی هه‌یه پێویسته به‌زووترین كات نێوماڵی خۆمان ڕێك بخه‌ینه‌وه، به گوتارێكی یه‌كگرتووی نیشتمانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌موو پێشهاته‌كان بكه‌ین، له‌باره‌ی به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌تان، دیاره دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراق به‌تایبه‌تی زۆر ئاڵۆز و هه‌ستیاره ململانێی وڵاتانی زلهێز له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌و ناوچه‌یه و وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش تێكرا، ده‌رگای به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كاندا كردووه‌ته‌وه، كوردستان كه‌وتووه‌ته ناو جه‌رگه‌ی ئه‌و ململانێیانه، به ته‌ئكید ئه‌و بارودۆخه هه‌روا به‌رده‌وام نابێت و به‌جۆرێك به‌لایه‌كدا ده‌كه‌وێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی كاتیش بێ یه‌كلا ده‌بنه‌وه.
-له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئاینده‌ی كوردستان چی ده‌بێت؟ ئایا وه‌ك سه‌ده‌ی رابردوو په‌راوێز ده‌خرێین و دووچاری پاشه‌كشه‌ی گه‌وره ده‌بین، یان ده‌بینه پێگه‌یه‌كی دیار و به‌رچاو له هاوكێشه‌كان؟
من ئه‌و پرسیاره ده‌خه‌مه به‌رده‌م هه‌موو تێكۆشه‌ران و نیشتمانپه‌روه‌ران و حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان، ئایا ئه‌و پرسیاره هه‌روا به هه‌ڵواسراوی بهێڵینه‌وه و وه‌ڵامه‌كه‌ی بده‌ینه ده‌ست قه‌ده‌ر یان خۆمان بۆ وه‌ڵامێكی گونجاو ئاماده بكه‌ین؟، به یه‌كگرتووی و به سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه ئیداره‌ی ئه‌و بارودۆخه سه‌خت و دژوار و هه‌ستیاره بده‌ینه‌وه، بۆیه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ت بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان جێده‌هێڵم.
به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێوه‌ری ده‌وڵه‌تداری له عێراق نه‌ماوه
-پێوه‌ری ده‌وڵه‌تداری له عێراق ماوه؟
نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێوه‌ری ده‌وڵه‌تداری له عێراق نه‌ماوه، 17 ساڵه ڕژێمی سه‌دام ڕووخاوه، ته‌ماشا بكه‌ین به‌رهه‌می 17 ساڵ حكومڕانی حزبه‌كانی عێراق چی بووه، جگه له نه‌هامه‌تی و بێ ژیانی و بێ خزمه‌تگوزاری هیچی تریان بۆ خه‌ڵكی عێراق به‌رهه‌م نه‌هێناوه، عێراق نووقمی قه‌رز و ململانێی مه‌زهه‌وی بووه، ئه‌وه دۆخی عێراقه، بۆیه ئێسته له ریزبه‌ندی ده‌وڵه‌تێكی فاشیلدایه.
-ڕێككه‌وتنێك له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر دۆخی شنگال كرا و تاراده‌یه‌كیش حكوومه‌ته‌كان له‌یه‌كتر نزیكن، خوێندنه‌وه‌ی ئێوه چییه؟
حكوومه‌تی كازمی به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه و ده‌یه‌وێ گۆڕانگاری بكات، هه‌رێمی كوردستان پشتگیری خۆی بۆ ڕاگه‌یاند، به‌ڵام ئه‌ركه‌كانی حكوومه‌تی كازمی زۆر قورسن و زه‌حمه‌تن، ئاسته‌نگی زۆری له‌به‌رده‌مدایه، هێزه سیاسییه ده‌ستڕۆیشتووه‌كان به ئاسانی ناچنه ژێر باری ئه‌و به‌رنامه‌ی كازمی به‌مه‌به‌ستییه‌تی، به‌تایبه‌ت ئێسته كه له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌ین، من وایده‌بینم عێراق سه‌ربكێشێت بۆ شه‌ڕی ناوخۆ. سه‌باره‌ت به له‌یه‌كتێگه‌یشتن له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییه، به‌تایبه‌ت كاتێك هه‌رێم به‌رده‌وام پێداگری له‌سه‌ر ڕێككه‌وتن كردووه، حكوومه‌تی كازمیش هه‌نگاوێك هاتووه‌ته پێش با چاوه‌ڕێ بكه‌ین بزانین چه‌ند رژدن بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌موو كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هێشتا ماویه‌تی دڵنیایی بده‌ین.
یه‌كێك له مه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و كابینه‌یه له یه‌كگرتووی لایه‌نه پێكهێنه‌رانی حكوومه‌ت ده‌بینم
-هه‌ڵوێستتان له‌سه‌ر دۆخی ناوخۆی كوردستان چۆنه؟ هه‌ڵسه‌نگاندنتان بۆ تیپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌م ؟
هه‌رێمی كوردستان به دۆخێكی سه‌ختی ئابووری تێپه‌ڕ ده‌بێت، له خاڵی سیاسییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌م كه به‌لای منه‌وه گرنگه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی ئابووری و حكومڕانیش هه‌یه، به‌داخه‌وه گرژی نێوان حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان تا ئێسته به‌رده‌وامه، خه‌ڵك زۆر له‌وه هه‌راسانه و تووشی نائومێدی بوون، جگه له‌وه‌ی دووژمن و ناحه‌زان ده‌یقۆزنه‌وه، واتا ئه‌و باودۆخه هه‌رگیز خزمه‌تمان پێ ناگه‌یه‌نێت، له هه‌موو دنیا وایه سه‌قامگیری سیاسیی سه‌قامگیری ئابووری له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت، هیوادارم ئه‌و دۆخه تێپه‌ڕێت تا ئه‌و دۆخه‌ی ده‌گاته یه‌كڕیزی نیشتمانی. دیاره كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رنامه‌یه‌كی فراوان و هه‌مه‌لایه‌نی راگه‌یاندووه كه هه‌مووان چاوه‌ڕوانین له‌ماوه‌ی چوار ساڵی ته‌مه‌نی ئه‌و به‌رنامه‌یه جێبه‌جێ بكرێ، یه‌كێك له مه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و كابینه‌یه له یه‌كگرتووی لایه‌نه پێكهێنه‌رانی حكوومه‌ت ده‌بینم، پێویسته هه‌مووان شانبده‌ینه به‌ر به‌رپرسیاریه‌تی. به‌ڵام بیرمان نه‌چێ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ و بڕینی بودجه له‌لایه‌ن به‌غداوه ئه‌ركی ئه‌م كابینه‌ی قورس‌تر كردووه و ناتوانین ئه‌و بابه‌ته نادیدبگرین، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌یشدا دوێنی ڕاپۆرتێكی چاكسازی ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كراوه كه ورده و به‌هیوای جێبه‌جێكردنی، به‌ڵام زۆر سێكته‌ری گرنگ هه‌یه پێویسته ده‌ستی بۆ ببردرێ له‌وانه دامه‌زراندنی سندووقی داهاتی نه‌وت و گاز، چونكه ئه‌و سێكته‌ره زۆر پرسیاری له‌سه‌ره و بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی پرسیاره‌كان هێنانه‌دی شه‌فافییه‌ت پێویسته ئه‌و سندووقه دابمه‌زرێ، هه‌روه‌ها داهاتی ناوخۆ و مه‌رزه‌كان كۆنترۆڵ بكرێ و ڕێك بخرێته‌وه و بواره‌كانی بازرگان‌یش هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێ، ئه‌گه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌م ئه‌و سێكته‌رانه چاره‌سه‌ر بكات ده‌توانێ به‌شێكی باش له ته‌نگژه‌ی دارایی چاره‌سه‌ر بكات و باتایبه‌تیش بابه‌تی مووچه.