به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر ئاشكرای ده‌كات، باندێكی دزییان گرتووه كه ددانیان ناوه به‌وه‌ی ده‌یان هه‌زار دۆلاریان دزیوه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 21ی تشرینی یه‌كه‌م، له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر بڵاوی كردووه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه، "پۆلیسی هه‌ولێر گرتنی تۆمه‌تبارێكی ڕاگه‌یاندووه كه دوای لێكۆڵینه‌وه، ددانی به‌وه‌دا ناوه له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی تر چه‌ندان كاری نایاسایی كردووه."
زیاتر هاتووه، "تیمێكی لێكۆڵینه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر پێكهێنراوه و توانیویانه (ر.ح.ح) بگرن، كه به‌شێوه‌یه‌كی وه‌همی ئۆتۆمبێڵی به هاووڵاتییه‌ك فرۆشتووه، له‌كاتی گرتنیشیدا داری كاره‌بایی و چه‌كی بێ مۆڵه‌تی پێ بووه، ویستوویه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پۆلیس به‌كاری بهێنێت، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستی بكاته‌وه، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه گیراوه".
ڕوون كراوه‌ته‌وه، "دوای لێكۆڵینه‌وه تۆمه‌تباره‌كه ددانی به‌وه‌دا ناوه كه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی تر به‌ناوه‌كانی (ع.ه.ح) و (م.ع.ر) تاوانی ئه‌نجام داوه، دواتر هه‌ردوو تۆمهتبارهكهی تریش گیراون".
پۆلیسی هه‌ولێر ئاماژه‌ی داوه، "هه‌رسێ تۆمه‌تبار ددانیان به‌وه‌دا نا چه‌ند دزییه‌كی تریان كردووه وه‌ك دزینی 40 ملیۆن دینار، 20 هه‌زار دۆلار، 35 هه‌زار دۆلار و 38 هه‌زار دۆلاری تر، ئێسته تۆمه‌تباره‌كان به چه‌ند ماده‌یه‌ك ڕاگیراون."
له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بۆ باشتركردن و پاراستنی ئارامی پایه‌ته‌خت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر زۆرترین داواكاری گرتووه و ڕاده‌ستی دادگای كردوون و به سزای خۆیان گه‌یاندوون.