شارەزایەك هۆكاری زیادبوونی تاوانی دڕندانە ئاشكرا دەكات

:: PM:08:36:22/10/2020 ‌

رۆژانە لە هەوڵەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گوێبیستی تاوانی دڕندانە و قێزەوەن دەبین، وای كردووە كۆمەڵگە هەست بە ترس و نائارامی بكات، شارەزایەكی دەروونی كەسایەتی ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە تاوانانە شی دەكاتەوە و هۆكاری زیادبوونی ئاستی ئەو تاوانانەیش لێك دەداتەوە.
كەسانی ئاسایی نین و هەست بە تاوانباری ناكەن
لە ماوەی دواییدا چەندان تاوانی نائاسایی لە دنیا ئەنجام دران، لە كوشتن و ئازاردان و شێلان و دەستدرێژی سێكسی و بڕینی دەست و پێ و هیتریش، لە میسر كچێك لەژێر تایەی مایكرۆ بۆس گیانی دەرەچێت و لە جەزائر كچۆڵەیەك دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەر و جەستەی پارچە پارچە دەكرێت، لە ئوردن گەنجێك هەردوو دەستی دەبڕدرێ و چاوەكانی دەردەهێنرێت، لە عێراق دایكێك دوو منداڵەكەی دەخاتە ناو رووبار و دەمرن.

لانا قەسقەس، شارەزای دەروونناسی و تاوانزانی، دەڵێت، ئەوانەی ئەو جۆرە تاوانانە ئەنجام دەدەن كەسانێكی خاوەن كەسایەتی لە جۆری سایكۆباتین، كە هەست بە تاوانباری ناكەن، روونی كردەوە، ئەو جۆرە كەسایەتییە ئاڵۆزترین و سەخترینن و بە زەحمەت تێی دەگەیت و لێكی دەدەیتەوە، ئەوان هەست بە تاوانباری ناكەن بەرانبەر بەو تاوانە دڕندانەی ئەنجامی دەدەن، پێچەوانەی تاوانبارانی تر، كە هەست بە پەشیمانی دەكەن. 

زیاتر گوتی، دیارترین هۆكارەكانی زیادبوونی تاوان، زیادبوونی بێكاری و هەژاری و خواردنی مادەی هۆشبەر و توندوتیژی خێزانییە، جیا لە دووچاربوونی توندوتیژی لە منداڵی و تەشەنەكردنی گەندەڵی و بێباكیی حكوومەتەكان بەرانبەر بە چاكسازیی كۆمەڵایەتی و سیاسی.

ئەو شارەزایە ئاماژە بۆ كاریگەریی سەیركردنی توندوتیژی لە فیلم و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەكان دەكات، جیا لە تاوانكاری گرووپە تیرۆریستییەكان.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل