تا ئێستا زانیوتە بۆچی رۆناڵدۆ قژی بەمشێوەیە تاشی بوو؟
رۆناڵدۆی ئەفسانەی بەڕازیل دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ هۆكاری تاشینی قژی بەمشێوە جیاوازە ئاشكرا كرد لە مۆندیالی 2002ی كۆریای باشوور و ژاپۆن.
رۆناڵدۆ لە یارییەكانی مۆندیالی 2002 بەشێوەیەكی جیاواز بینرا و تا ئێستاش هاندەرانی بەڕازیل ئەم شێوە تاشینەی قژیان لەبیرماوە كە تەنیا بەشی پێشەوەی هێشتبووەوە.
رۆناڵدۆ كە ئەو كات لە باشترین ئاستی یاریكردنیدابوو، بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: ئەو كات كێشەی پێكانی رانم هەبوو و زۆربەی هەواداران پێیانوابوو ناتوانم لە پاڵەوانیەتییەكەدا بەشداری بكەم، تەنانەت پزیشكەكان رێژەی بەشداریكردنی منیان بە 60% دانابوو.
زیاتر گوتی: ئەو كات سەرجەم رۆژنامە و دەزگاكانی راگەیاندن باسی پێكانەكەیان دەكردم، بۆیە هەوڵم دا شتێك بكەم كە سەرنجیان بەلای پێكانەكە دوور بخەمەوە و بڕیارم دا قژم بەمشێوەیە بتاشم.
رۆناڵدۆی ئەفسانەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدریدی ئیسپانی هەروەها گوتی: كاتێك لە یەكەم یارییدا هاتمە نێو یاریگە، سەرجەم ئامادەبووان و دەزگاكانی راگەیاندن باسی شێوازی قژەكەیان دەكردم و بەتەواوی پێكانەكەیان لە بیر چووبووەوە.
جێی باسە رۆناڵدۆی ئەفسانە لە مۆندیالی 2002ی كۆریای باشوور و ژاپۆن توانی ئاستێكی ناوازە پێشكەش بكات و 8 گۆڵ تۆمار بكات و رۆڵی سەرەكی ببینێ لە بەدەستهێنانی جامی پاڵەوانیەتییەكە بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل، دوای ئەم مۆندیالە هەڵبژاردەی بەڕازیل نەیتوانیوە هیچ جامێكی تری مۆندیال بباتەوە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم