بێڵ بەڵێنێك بە هاندەرانی ریال مەدرید دەدات

:: AM:09:52:19/02/2017 ‌

گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزی خۆشحاڵی خۆی بە گەڕانەوەی بۆ ریزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەربڕی دوای دووركەوتنەوە بۆ ماوەی 3 مانگ.

بێڵ بەهۆی پێكان و دواتریش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە ماوەی 3 مانگ لە یاریكردن لە ریزی یانەی ریال مەدرید دابڕا، دوێنێ شەمووش بۆ یەكەمجار بەشێوەی یەدەگ بەشداریی لە یارییەكی خولی ئیسپانیا كردەوە.

دوێنێ شەموو بێڵ بۆ ماوەی 15 خولەك بەشداری لە یارییەكەی نێوان ریال مەدرید و ئیسپانیۆڵ لە گەڕی 23ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا كرد و توانی گۆڵێكیش لە خولەكی 84ی گێمی دووەم تۆمار بكات، یانەی ریال مەدرید لەو یارییەدا بە ئەنجامی 2 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردەوە.

دوای یارییەكە بێڵ بۆ راگەیاندن دوا و گوتی: داوا لە هاندەرانی یانەی ریال مەدرید دەكەم تەنیا چەند هەفتەیەكی تر چاوەڕێم بكەن بۆ ئەوەی بەتەواوی چاك ببمەوە و ئینجا بەڵێنیان پێ دەدەم بە باشترین ئاست بگەڕێمەوە.

زیاتر گوتی: ئێستا هەست دەكەم لە دۆخێكی باشدام دوای كاركردن بۆ ماوەی 3 مانگ لە مەشق و وەرگرتنی چارەسەری، دڵخۆشیشم توانیم گۆڵی دووەم لە یارییەكەدا تۆمار بكەم و سوپاسی هاندەرانی یانەی ریال مەدریدش دەكەم كە بەردەوام هاوكار و پاڵپشتم بوونە.

بێڵ دانی بەوەدانا لە دۆخێكی خراپدابووە بەهۆی دووركەوتنەوەی ئەم ماوە درێژە، بەڵام سەركەوتنە یەك لە دوای یەكەكانی یانەی ریال مەدرید دڵخۆشی كردووە و جەختیشی كردەوە كە ئەمساڵ دەتوانن هەردوو ناسناوی خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەدەست بێنن.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید بەم سەركەوتنە كۆی خاڵەكانی لە خولی ئیسپانیا كردە 52 خاڵ و هەر لە ریزی یەكەمی یانەكان مایەوە، لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش هەفتەی رابردوو لە یاریی چوونی قۆناغی 16 بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی ناپۆلی ئیتاڵی بردبووەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م