ئه‌نتۆنی فاوچی، گه‌وره شاره‌زایانی بواری نه‌خۆشییه په‌تاییه‌كان له ئه‌مه‌ریكا رای گه‌یاند كه یه‌كلابوونه‌وه‌ی سه‌لامه‌تی و كاریگه‌ریی ڤاكسینی دژ به كۆرۆنا، ده‌كه‌وێته سه‌ره‌تای مانگی دیسێمبه‌ری داهاتوو، به‌ڵام به‌كارهێنانی به‌ر له 2021 دیار نییه.
فاوچی له لێدوانێكی بۆ ئێزگه‌ی به‌ریتانیا (بی بی سی)، گوتی، تا كۆتایی نۆڤێمبه‌ر و سه‌ره‌تای دیسێمبه‌ر، واته مانگه‌كانی 11 و 12، بۆمان روون ده‌بێته‌وه ئاخۆ یه‌كێك له ڤاكسینه‌كان سه‌لامه‌ت و كاریگه‌رن بۆ به‌كارهێنان.
روونی كرده‌وه، كاتێك باسی پێدانی ڤاكسینه‌كه به ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری بۆ سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه دروست بكات، ئه‌وه به‌ر له چواریه‌كی دووه‌م و سێیه‌می ساڵی داهاتوو روو نادات، وه‌ك "رۆیته‌رز"، باسی كرد، ئه‌و دووپاتی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌مامك نه‌به‌ستن، پێویسته ناچاری ئه‌و كاره بكرێن.
ئه‌و شاره‌زا و راوێژكاره‌ی كۆشكی سپی روونی كرده‌وه، تا ئێسته سه‌ختییه‌كان به‌رده‌وامن، ئه‌گه‌ر هه‌مووان رازی بن و شتێكی گرنگه، به‌ستنی ده‌مامكی به‌كۆمه‌ڵ بیرۆكه‌یه‌كی باشه ئه‌گه‌ر پێڕه‌و بكرێت، بۆیه پێویسته رێوشوێنی به‌ستنی ده‌مامك و له‌یه‌كتر دووركه‌وتنه‌وه، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی سه‌رما، توند بكرێت، دووپاتی كرده‌وه، به‌ستنی ده‌مامك شتێكی ئاسانه، به‌ڵام هه‌موومان نایبه‌ستین، ئه‌وه‌یش یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی زیادبوونی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون.