ئەو پێنج تەوەرەی چارەنووسی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا یەکلایی دەکەنەوە

:: PM:04:41:26/10/2020 ‌
چارەنووسی هەڵبژاردنی ئەمەریکا لە رێی پێنج تەوەری سەرەکییەوە یەکلایی دەکرێتەوە، دوو بابەتیان کۆرۆنا و لەباربردنی منداڵە. بەڵام کێشەی هاووڵاتییانی ئەمەریکا تەنیا ئەو دوو بابەتە نییە، لەو راپۆرتەدا تیشک دەخرێتە سەر ئەو تەوەرانەی خەڵکی ئەمەریکا بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەبات.

* کۆرۆنا
لە سەرەتای ساڵی 2020 کەس پێی وا نەبوو ڤایرۆسی کۆرۆنا چ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەبێت و ئەوکات کۆرۆنا لە ئەمەریکا بەو خێراییەی ئەمڕۆ تەشەنەی نەکردبوو.

هەشت رۆژی تر هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەو وڵاتە بەرێوە دەچێت و بەپێی هەڵسەنگاندنێکی د. لارا مریفێڵد ڤیڵسۆن، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئیندیاناپۆڵیس، تەنگژەی کۆرۆنا گرنگترین بابەتە لە یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا.

زیاتر لە 226 هەزار هاووڵاتی ئەمەریکا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە، نزیک بە هەشت ملیۆن و 600 هەزار کەسیش تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون، کۆرۆنا ئەمەریکای تووشی تەنگژەیەکی قووڵی بێکاری کردووە، بە شێوەیەک کە لە دەیەی چلی سەدەی رابردووەوە تا ئەمڕۆ هیچکات رێژەی بێکاری تا ئەو ئاستە بەرز نەبووەتەوە.

مشتومڕییەکی زۆر لەبارەی سیاسەتی رووبەڕووبوونەوەی ترەمپ بەرانبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دروست بووە، هەندێک لایەن و رێکخراو و تەنانەت لە هەندێک راپرسیشدا بەشێک لە ئەمەریکییەکان پێیان وایە ترەمپ سیاسەتێکی گونجاوی بۆ ئەو تەنگژەیە گرتووەتە بەر، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش بەشێکی تری خەڵک رەخنە لە شێوازی رووبەڕووبوونەوەی کابینەی ترەمپ بەرانبەر کۆرۆنا دەگرن و پێیان وایە کەمتەرخەم بووە.

ئەو ناڕازییانە پێیان وایە ئەگەر ترەمپ خێراتر دەستوبردی کردبا، رەنگە ژمارەی قوربانیانی ئەو ڤایرۆسە لە ئەمەریکا کەمتر لە ئێستە بووبا، هەڵبەت ئەوە تێڕوانینی دیموکراتەکانە و جۆ بایدن لە دوا دیبەیتی لەگەڵ ترەمپ ئەو رەخنانەی رووبەڕووی سەرۆکی ئەمەریکا کردەوە.

* سیاسەتی بیمەی دەرمان
سیاسەت و تێڕوانینی دوو رکابەرە سەرەکییەکە بۆ بیمەی دەرمان لە ئەمەریکا یەکێکی تر لە بابەتە چارەنووسسازەکانە بۆ راکێشانی دەنگی هاووڵاتییان.

دوای ئەوەی دادوەر رۆز بیدەر گینزبۆرگ، سەرۆکی دادی ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد، ترەمپ هەوڵەکانی بۆ دانانی ئێمی برێت، دادوەری کۆنەپارێز و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری چڕ کردەوە بۆ ئەوەی یاسای بیمەی "ئۆباماکیر" هەڵوەشێنێتەوە و یاسایەکی نوێ لەو پێوەندییەدا بچەسپێنێت.

ترەمپ پێی وایە ئەو یاسایە وا دەکات خەڵک زیانمەند بن و ئەگەر دواڕۆژ پەککەوتە بوون، یاساکە مافی پشتیوانیکردنیان لێ دەستێنێتەوە، بۆیە وەک خۆی دەڵێ، دەیهەوێ بیمەیەکی دەرمانی بکاتە جێگرەوەی ئەو یاسایە کە تیایدا سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمەریکا هەست بە ئاسایشی دەرمان و تەندروستی بکەن.

هەرچەند ئەو یاسایە لەلایەن باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکاوە پەسند کرا و پڕۆژەکە هەر بەناوی ئەوەوە تۆمار کرا، بەڵام بایدن هیچ پلانێکی نوێی لەو پێوەندییەوە نییە و پشتیوانی لە مانەوەی ئەو بیمەیە دەکات کە ئۆباما پەسندی کردووە.

* ئابووری
ئابووری لە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و ئەوە هەمیشە و لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا جێی بایەخی ئەمەریکییەکان بووە، بەڵام ئێستە و لەو تەنگژەیەی بەهۆی کۆرۆناوە دروست بووە، دۆخەکە هەندێک جیاوازترە.

لارا میریفێڵد پێی وایە، ترەمپ دەیتوانی لەو هەڵبژاردنەدا ئاماری گەشەی ئابووری ئەمەریکا لە ماوەی سێ ساڵی دەسەڵاتدارێتی خۆی بکات بە کارنامەیەکی سەرکەوتوو کە بەهۆیەوە زۆرینەی دەنگی هاووڵاتییانی مسۆگەر دەکرد. بەڵام ئاستەنگەکان بەهۆی سەرهەڵدانی کۆرۆنا رێڕەوی ئابووری ئەمەریکای بەرەو ئاراستەیەکی تر برد. بەهۆی تەنگژەی کۆرۆناوە ژمارەی بێکاری لە ئەمەریکا گەیشتە 23 ملیۆن کەس.

بە پشتبەستن بەو ئامارە دەردەکەوێت، لە ماوەی دوو مانگدا رێژەی بێکاری لە ئەمەریکا گەیشتووەتە 14.7٪ و بە گشتی رێژەی 3.5٪  لە ماوەی ئەو دوو مانگە زیادی کردووە.

* رەگەزپەرستی و توندوتیژیی پۆلیس
توندوتیژی پۆلیسی ئەمەریکا بەرانبەر رەشپێستان بووەتە یەکێک لە باسە هەرە سەرەکییەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و لە دیبەیتی نێوان بایدن و ترەمپ مشتومڕییەکی زۆر لەبارەوە کراوە.

دوای خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئەمەریکا لە دژی کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێست لەلایەن پۆلیسەوە، دۆناڵد ترەمپ ئەو خەڵکەی بە ئاژاوەگێڕ ناو برد، بەڵام دواتر کە رێڕەوی خۆپێشاندانەکان ئاراستەی خۆی بەرەو خۆپێشاندانێکی شارستانییانە برد، ترەمپ قسەکەی وەرگرتەوە و رای گەیاند، من لەو دەستەواژەیەدا مەبەستم ئەو خۆپێشاندەرانە بوو کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد هەڵکوتنە سەر بنکەکانی پۆلیس و ئەفسەرەکان وەک بەراز سەر ببڕن.

ئەو روونکردنەوەیەی ترەمپ هۆکارێکی گەورە بوو بۆ ئەهوەنکردنەوەی خۆپێشاندەران، بەڵام جارێکی تر بایدن لە کەمپێنی هەڵبژاردنەکاندا ئەو بابەتەی زیندوو کردەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ترەمپیش بایدنی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەو یەکێک بووە لەو ئەندامانەی حزبی دیموکراتی ئەمەریکا کە دەوری سەرەکی هەبووە لە یاسای گرتنی رەشپێستەکان لە ساڵی 1994، هەرچەند بایدن حاشای لەمە کرد، بەڵام ترەمپ زیاد لە هەشت گرتە ڤیدیۆی لە تویتەر بڵاو کردەوە کە لە هەمواندا دەیسەلمێنێت بایدن دەوری سەرەکی لە دانانی ئەو یاسایە هەبووە.

* یاسای لەباربردنی منداڵ
زانکۆی ئیندیاناپۆڵیس پرسی لەباربردنی کۆرپەلە بە یەکێکی تر لە خاڵە گرنگەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا ناو بردووە، بەپێی بەدواداچوونی ئەو زانکۆیە، پرسی لەباربردنی کۆرپەلە بۆ بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی ترەمپ، واتا مەسیحییە سپی پێستەکان، گرنگترین بابەتە.

هەرچەند ئەو توێژەی دژی بەیاساییکردنی لەباربردنی منداڵن تەنیا 15٪ی هاووڵاتییانی ئەمەریکا پێکدەهێنن، بەڵام لەناو دەسەڵاتی سیاسیی ئەمەریکادا کاریگەرترین توێژن و دەتوانن ئاراستەی هەڵبژاردنەکان تا رادەیەک بگۆڕن و یەک لەسەر چواری دەنگەکانی ئەمەریکایش لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016 لەلایەن ئەو توێژە میسیحییە ئاراستە کرابوو.

ترەمپ دژی بەیاساییکردنی لەباربردنی کۆرپەلەیە و ئەو توێژە مەسیحییە پشتیوانی لە ترەمپ دەکەن و بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ دروشمی "خوێندکارانی لایەنگری ژیان"یان بەرز کردووەتەوە و لەسەر ماڵپەڕەکەیان بە فۆنتی گەورە نووسیویانە، پرسیار: ئایا رقت لە ترەمپە؟ وەڵام: ئێمە زیاتر رقمان لە یاسای لەباربردنی منداڵە.



وشە - هیدایه‌ت جان