خۆپێشاندەران: میلیشیاكان لەناو خۆپێشاندەرانەوە هێزە تەناهییەكانیان دەكردە ئامانج

:: PM:06:12:26/10/2020 ‌

دوێنێ لە ساڵوەگەڕی خۆپێشاندانەكانی تشرینی 2019 ناڕەزایەتی جەماوەری دەستی پێ كردەوە و هەزاران خۆپێشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر و لە نزیك پردەكانی بەغدا بەرەو ناوچەی سەوز بۆ گوشارخستنە سەر حكوومەت، دەستیان بە ناڕەزایەتی كردەوە، چالاكێكی خۆپێشاندانەكان راستی رووداوەكانی دوێنێ شی دەكاتەوە. 
هێزە تەناهییەكان ئێمەیان نەپاراست و تێكدەرەكانیشیان نەگرت
خەتاب تەمیمی، چالاكێكی خۆپێشاندانەكانی بەغدا بە "وشە"ی راگەیاند، شەوی رابردوو هاتینە سەر شەقام بۆ ئەوەی بیسەلمێنین كە بزاوی ناڕەزایەتی بەردەوامە، بەڵام بۆمان دەركەوت كە خۆپێشاندانەكان بە رێژەی 90% دزیان تێدا كرا بوو، چونكە میلیشیاكان بەهێزەوە هاتبوونە ناوییەوە و مۆلۆتۆڤ و بۆمبی دەستیان بە ئاراستەی هێزە تەناهییەكان هاوێشت، مەبەستی ئەوان دروستكردنی كێشە و كاردانەوەیەكی خراپ بوو دژ بە خۆپێشاندەران.

زیاتر گوتی، هێزە تەناهییەكان گەمارۆی ئێمەیان لە ناوچەی عەلاوی دا و لە گۆڕەپانی تەحریریش سەركوتی ئێمەیان كرد و زۆرێك لە چالاكان لە گەڕەكە تەسكەكانی نزیك لە گۆڕەپانەكە لەلایەن میلیشیاكانەوە رفێنران و بە چەقۆ لێیان درا، بۆیە نەمانبینی كە هێزە تەناهییەكان ئێمە بپارێزن و ئەنجامدەرانی ئەو كارانەیشیان نەگرت.

تەمیمی دووپاتی كردەوە، بۆیە وەك چالاكانی خۆپێشاندانەكان لە بەغدا بڕیارمان دا بەر لە سەعاتێك پاشەكشە بكەین و خێوەتەكانمان لاببەین، ئەوەیش دوای ساڵێك لە ناڕەزایەتی بەردەوام.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل