چاكسازی لە مووچەی پلەی شارەزاكان كرا

:: PM:01:54:27/10/2020 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی بۆ یەك مانگ بڕی 350 ملیۆن دینار لە مووچە بۆ خەزێنەی حكوومەت گەڕێنراوەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 27ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هاتووە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی بە دیاریكراوی لە مادەی 16 و بڕگەی دووەمی یاسای چاكسازی كە تایبەتمەندە بە خانەنشینی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری، توانیان مانگانە نزیكەی 350 ملیۆن دینار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. 

باس لەوەش كراوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەستان بە هەمواركردنەوەی لیستی مووچەی پلەی شارەزاكان و دوای هەمواركردنەوەیان، توانرا جیاوازی مووچەیان بۆ یەك مانگ نزیكەی 350ملیۆن دینار بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

 ڕوون كراوەتەوە، ئەو چاكسازییە لە مادەی 16 و بڕگەی دووەمی یاسایی چاكسازی باس لەوە دەكرێت كە كار بە هیچ دەقێكی یاسایی یان بڕیارێكی ناكۆك لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایەدا ناكرێت، هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە 36ی ساڵی 2004 و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەسەریاندا. 



وشە - رامیار جەواد