ڤینگەر مانەوەی لە یانەی ئارسناڵ رادەگەیەنێ

:: AM:11:32:19/02/2017 ‌

ئارسین ڤینگەری فڕەنسی و راهێنەری یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی رووبەڕووی هاندەرە ناڕازییەكان بووەوە و ئاشكرای كرد كە رەنگە چوار ساڵی تر لە ئەركی راهێنەرایەتیی یانەكەی بمێنێتەوە.

ماوەی چەند ساڵێكە بەشێك لە هاندەرانی یانەی ئارسناڵ داوای رۆیشتنی ڤینگەر دەكەن بەهۆی لەدەستدانی چەندان ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی، ئەم ناڕەزاییە هەفتەی رابردوو زیاتر پەرەی سەند كاتێك لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە ئەنجامی 5-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دۆڕان.

بەشی زۆری هاندەرانی یانەی ئارسناڵ دوای یارییەكە داوای رۆیشتنی ڤینگەریان كرد كە ماوەی 20 ساڵە راهێنەری یانەكەیانە.

ڤینگەر دوو رۆژ بەر لە ئێستا لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدابوو كە گوێ بە ناڕەزاییەكان نادات و بەهیچ شێوەیەك واز لە كاری راهێنەرایەتیی یانەكان ناهێنێ، جەختیشی كردبووەوە كە وەرزی داهاتوو لە كارەكەی بەردەوام دەبێت جا لە یانەی ئارسناڵ بێت یان هەر یانەیەكی تر.

ئەو راهێنەرەی یانەی ئارسناڵ لە نوێترین لێدوانی رۆژنامەوانیدا خۆی لەگەڵ سێر ئەلێكس فێرگسۆنی راهێنەری پێشووی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بەراورد كرد، تێیدا جەختی كردەوە كە هاوشێوەی ئەو لە تەمەنی 71 ساڵیدا واز لە كاری راهێنەرایەتیی ناهێنێ.

لەمبارەیەوە گوتی: فێرگسۆن 4 ساڵ لەمن گەورەترە، ئەو لە تەمەنی 71 ساڵیدا وازی لە كاری راهێنەرایەتیی یانەی مانچستەر یونایتد هێنا، من ئێستا لە تەمەنی 67 ساڵیدام و رەنگە لە تەمەنی ئەو یان زیاتریش واز لە كارەكەم بێنم.

زیاتر گوتی: باشترە لە راهێنەرایەتیی یانەی ئارسناڵ بەردەوام بم، بێگومان پێشتر بە دۆخی خراپتر لەمەی ئێستا تیپەڕیوم و پێشموایە دەتوانم كێشەكان چارەسەر بكەم.

لە كۆتاییدا ڤینگەر ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە لە یارییەكانی داهاتوویان سەركەوتن بەدەست بێنن و لە بەدەستهێنانی ناسناوەكە نزیكتر ببنەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م