توێژینەوەیەك: زۆرینەی تووشبووانی كۆرۆنا ئەو كێشەیان هەبووە

:: PM:05:58:28/10/2020 ‌

تا ئێستە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا روو لە هەڵكشانە و ڤاكسین و چارسەرەی بۆ نەدۆزراوەتەوە، ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە سەرووی 44 ملیۆن كەس، مردووانیش لە ملیۆنێك و 175 هەزار حاڵەت نزیك دەبێتەوە، توێژینەوەیەك ئاماژە دەكات زۆرینەی تووشبووان كەمی ڤیتامین "دی" یان هەبووە.
كاریگەری بۆ سەر سیستمی بەرگری لەش و هەردوو كۆئەندامی ماسولكە و پەیكەر هەیە
توێژینەوەیەكی نوێ لە نەخۆشخانەی ڤاڵانسیا لە ئیسپانیا ئەنجام دراوە و ئەنجامەكەی لە گۆڤاری "the Endocrine Society‌s Journal of Clinical Endocrinology & Metabolism "، بڵاوكراوەتەوە و 216 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای وەك سامپڵ وەرگرتووە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی زیاتر لە 80%ی تووشبووان بەدەست كەمی ڤیتامین "دی"، ناڵاندوویانە و ئاستی ڤیتامینەكە لە پیاوان بە بەراورد بە ژنان كەمتر بووە. 

خۆسێ هێرناندێز، مامۆستا لە زانكۆی كانتابریا لە سانتاندێری ئیسپانیا و بەشداری توێژینەوەكە گوتی، پێویستە رێنوێنی بدرێ بە زیادكردنی رێژەی ڤیتامین دی لە تووشبووان، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی رێژەی ڤیتامینەكە لە لەشیاندا كەمە، چونكە كاریگەرییەكی باشی بۆ سیستمی بەرگری لەش و هەردوو كۆئەندامی ماسولكە و پەیكەر دەبێت.  

بۆ زانیاری ڤیتامین دی كاریگەرییەكی گرنگی بۆ سەر سیستمی بەرگری لەش هەیە، بۆیە وەرگرتنی تەواوكەری خۆراكی ڤیتامینەكە و خۆدانە بەر خۆر بۆ 30 خولەكی رۆژانە لە هاوین، یارمەتیدەرن بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەتوانرێت سروشتیانەیش لە رێگەی رۆنی ماسی و زەردێنەی هێلكە و گۆشت و تەواوكەری خۆراك وەربگیرێت، گرنگترین نیشانەكانی كەمبوونی بەتایبەتی لای بەتەمەنەكان، لاوازیی ماسولكە و زیادبوونی كێش و ماندووبوونە، ئەو ڤیتامینە بۆ بەهێزی ئێسك و ددان و ماسولكە بەسوودە و رێژەی كالسیۆم و فۆسفات لە لەش رێك دەخات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل