هەواڵێكی دڵخۆشكەر بۆ هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە

:: PM:12:24:19/02/2017 ‌

ئەو هەواڵەی كەمێك ئازار و مەینەتییەكانی هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كەم دەكاتەوە دوای شكستە گەورەكەیان بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی، برێتییە لە گەڕانەوەی خافیێر ماسكیڕانۆی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ ریزی پێكهاتەی هێڵی بەرگری یانەكە.

رۆژنامەی (سپۆرت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: ماسكێڕانۆ بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ یەكشەم لە گەڕی 23ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی لیگانیس یاریی دەكات.

ماسكیڕانۆ بەهۆی پێكانی رانییەوە لە چەند یارییەكی رابردووی یانەی بەرشەلۆنە دابڕابوو، بەهۆیەوە هێڵی بەرگری یانەكە كێشەی تێ كەوتبوو و بەتایبەتیش لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان خراپترین ئاستیان پێشكەش كردبوو.

یانەی بەرشەلۆنە هەروەها لەو یارییەدا ئەردا تۆرانی ئەستێرەی توركیش بەدەست دێنێتەوە كە بەهەمانشێوە بەهۆی پێكانەوە لە دوو یاریی رابرووی یانەكەدا لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ئەلاڤێس و لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان یاریی نەكردبوو.

یارییەكەی ئەمڕۆی یانەی بەرشەلۆنە بەرامبەر یانەی لیگانیس سەعات 10:45ی شەو بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی كامپ نوو بەڕێوە دەچێت.

یانەی بەرشەلۆنە لەو یارییەدا دەیەوێ قەرەبووی یاریی رابردوو بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان بكاتەوە و دووبارە متمانەی هاندەرانی بەدەست بێنێتەوە، یاریی چوونیشی بەرامبەر یانەی لیگانیس بە 5-1 گۆڵ بردبووەوە.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە ئێستا بەكۆكردنەوەی 48 خاڵ لە ریزی سێیەمی یانەكانی خولی پلە یەكی ئیسپانی دێت و ئەگەر لە یارییەكەی ئەمڕۆدا سەركەوتن بەدەست بێنێ، پێش یانەی سڤیلییە دەكەوێتەوە كە 49 خاڵی هەیە و بە 51 خاڵ دێتەوە ریزی دووەم دوای یانەی ریال مەدرید كە 52 خاڵی هەیە، یانەی لیگانیسیش بە كۆكردنەوەی 18 خاڵ لە ریزی 17ی یانەكان دێت.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م