ماڵپه‌ڕی سایپرس مه‌یل بابه‌تێكی له‌سه‌ر باشترین و ناوازه‌ترین شوێنه‌كان بۆ گه‌شتیاران له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تا سه‌ردانی بكه‌ن، بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا 10 شار و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ئاماژه پێداوه و ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستانیش ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌می پێ دراوه، له ڕووی ئارامی و ئاسایش و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی پێكهاته ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه جیا جیاكان تێیدا.
ماڵپه‌ڕه‌كه نووسیویه‌تی، هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌یبیستین له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بریتییه له جه‌نگ و كاره‌سات و توندوتیژی و كوشتن و بڕین و بیابان و وشكایی فره‌وان، به‌لام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به لانكه‌ی مرۆڤایه‌تی داده‌نرێ، زۆر ناوچه‌ی ئارامی تێدایه كه ده‌كرێ گه‌شتیاران سه‌ردانی بكه‌ن و به مێژووی دێرینی خه‌ڵكی ناوچه‌كه و مرۆڤایه‌تی ئاشنا ببن، 10 باشترین و سه‌رنجڕاكێشترین شوێنیش له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ سه‌ردانكردن بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه.
ده‌یه‌م: ناوچه‌ی ڕه‌فاع له به‌حرێن، شاری ره‌فاع دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری وڵاته‌كه‌یه و به شوورایه‌ك ده‌وره‌دراوه، كه پێشتر خه‌ڵكی ناوچه‌كه خۆیان له هێرشی دوژمن به‌هۆی ئه‌و شوورایه پاراستووه، كه له ڕێی ده‌ریاوه هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر ناوچه‌كه، ئێسته‌یش یه‌كێكه له پێشكه‌وتووترین و ئاوه‌دان ترین شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و مۆڵ و ناوه‌ندی بازرگانی و بازاڕی زۆر گه‌وره‌ی تێدا دروست كراوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا سه‌رنجڕاكێشترین دیمه‌نی ده‌ریا و كه‌ناراوه دڵرفێنه‌كان و بیابان ده‌بینیت، هاوكات ڕێستۆرانتی زۆر ناوازه و پێشكه‌وتووی تێدایه.
نۆیه‌م: كه‌ناراوه‌كانی زه‌فار له سوڵتاننشینی عومان، له دیمه‌نی خه‌یاڵی ناو فیلمه‌كان ده‌چێ و ئاوێكی شین و فه‌یرۆزه‌یی هه‌یه و له پشتیه‌وه‌یش چیای سه‌ركه‌ش و سه‌رنجڕاكێش بوونیان هه‌یه، به یه‌كێك له سه‌رنجڕاكێشترین ناوچه‌كانی گه‌شتیاری له سوڵتاننشینی عومان داده‌نرێ و ساڵانه به سه‌دان هه‌زار گه‌شتیار ڕووی تێ ده‌كه‌ن و لێی ده‌مێننه‌وه و چێژی زۆر له دیمه‌نه سه‌رنجڕاكێشه‌كانی وه‌رده‌گرن و له كه‌شێكی ئارام و ته‌ناهدا ساته‌كانیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
مێژووی دروستكردنی ئامێدی بۆ پێنج هه‌زار ساڵ پێش ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه
هه‌شته‌م: شاری كوێت، پایته‌ختی وڵاتی كوێته و پێشتر بیابانێكی ڕووت و وشك بووه، به‌ڵام ئێسته یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین و پێشكه‌وتووترین شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دیمه‌نی سیحری تێدایه و به ڕوونی ئه‌زموونی مرۆڤت بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كاتێك سه‌ردانی ئه‌م شاره ده‌كه‌یت، كه چۆن له‌سه‌ر بیابانێكی وشك و برنگدا توانیویانه ئه‌و شاره نموونه‌یییه دروست بكه‌ن.
حه‌وته‌م: پترا، ئوردن، له ڕابردوو وه‌ك یه‌كێك له ناوچه شوێنه‌وارییه‌كانی جیهان له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه ده‌ستنیشان كرا، مێژوویه‌كی دێرینی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌وێ ده‌بینین و په‌ی پێ ده‌به‌ین، شوێنه‌واری كڵێسا و گۆڕی پاشا‌كان و گه‌نجینه كۆنه‌كانی سه‌رده‌مانی زۆر دوور بوونی هه‌یه، زۆر فیلمی جیهانیش له‌و شوێنه وێنه‌یان گیراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا زۆر ئاوه‌دان و پێشكه‌وتووه و زۆرترین مۆڵ و بازاڕی گه‌وره و هۆتێڵی ناوازه‌ی تێدایه.
شه‌شه‌م: به‌عله‌به‌ك، لبنان: له‌وێ شوێنه‌واره‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی به ڕوونی ده‌بینیت و زۆر سه‌رنجڕاكێش و سه‌رسامكه‌ره و یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ی كه زۆرترین گه‌شتیاری بۆ ده‌چێت و زۆربه‌ی گه‌شتیارانیش له دیمه‌نه‌كانی تێر نابن و ساڵانه زۆرترین وێنه‌ی له لایه‌ن گه‌شتیارانه‌وه لێ ده‌گیرێ و له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاو ده‌كرێته‌وه.
پێنجه‌م: ئه‌سوان، میسڕ: ناكرێ به ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگه‌ڕێیت و گه‌شتی بۆ بكه‌یت و سه‌ردانی میسڕ نه‌كه‌یت، له‌و ناوچه‌یه هه‌ڕه‌مه مه‌زنه‌كان ده‌بینیت، كه یه‌كێك له سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی، شوێنه‌وار و مێژوو و شوێنی گه‌شتیاری و خۆشگوزه‌رانی هه‌مووی له‌وێدا به‌یه‌كه‌وه كۆكراوه‌ته‌وه و به ته‌واوی سه‌رسامت ده‌كات و ئارامیت پێ ده‌به‌خشێ و هزرت به‌رانبه‌ر به شارستانیه‌تی كۆنی مرۆڤایه‌تی ده‌جووڵێنێت.
له‌سه‌ر به‌رزایی چیا دروستكراوه و شوێنێكی خه‌یاڵی و سه‌رنجڕاكێشه
چواره‌م: دیمه‌شقی كۆن، سووریا: ده‌كرێ ناوی بنێن كۆنترین پایته‌ختی ده‌وڵه‌ت له جیهان، له هه‌زاره‌ی دووه‌می پێش زاین بنیاتنراوه و تا ئێسته‌یش شاره‌كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه به‌كارده‌هێنرێت، واته تێیدا ده‌ژین، سه‌ره‌تا كریستیانه‌كان تێیدا ده‌ژیان و ئێسته‌یش زۆرینه‌ی دانیشتووانی مسوڵمانن، كاریگه‌ری هه‌ردوو شارستانیه‌تیه‌كه‌یشی به‌سه‌ره‌وه‌یه و به ڕوونی هه‌ستی پێ ده‌كرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جه‌نگ وڵاته‌كه‌ی وێران كردووه، به‌ڵام ئێسته دۆخی دیمه‌شق ئارامه و گه‌شتیاران ڕوویان تێ كردووه‌ته‌وه.
سێیه‌م: دوبه‌ی، ئیماڕات: شاری دوبه‌ی سه‌لماندنی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌ی مرۆڤ له خه‌یاڵ بیری لێ ده‌كاته‌وه، ده‌كرێ له ڕاستیدا بهێنرێته دی، له‌سه‌ر خاكێكی لماوی بیابان دروست كراوه و مێژووی دروستكردنی به‌وشێوه‌یه‌ی ئێسته ناگاته 100 ساڵ و درێژترین تاوه‌ری جیهانی تێدایه و باڵه‌خانه‌ی سه‌رنجڕاكێش و خزمه‌تگوزاری زۆر نایاب و گه‌شتی بیابان و خۆشگوزه‌رانی له كه‌ناراوه‌كانی ده‌ریا، هه‌مووی له دوبه‌ی كۆكراونه‌ته‌وه.
دووه‌م: كه‌په‌دۆكیا، توركیا: جوانی سروشتی ئه‌و ناوچه‌یه له تابڵۆیه‌ك ده‌چێ و ئه‌گه‌ر به واقیعی نه‌یبینیت و ته‌نیا له وێنه‌دا سه‌یری بكه‌یت، گومان له ڕاستیبوونی ده‌كه‌یت، چونكه به ته‌واوی جیاواز و سه‌نجڕاكێشه و سروشته‌كه‌ی له نیگاركێشان ده‌چێت، نه‌ك دۆخی ئاسایی زه‌وی.
یه‌كه‌م: ئامێدی، هه‌رێمی كوردستان: كه‌وتووه‌ته سه‌ر چیایه‌كی به‌رز و شوێنه‌واری زۆری تێدایه و شوێنی حوكمكردنی كریستانییه‌كان و جوو و مسوڵمانان و فارسه‌كانیش بووه كه له‌وێوه فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌كه‌یان كردووه، جیا له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆنی كوردیش ئه‌وێیان وه‌ك شوێنی سه‌ره‌كی مانه‌وه‌ی خۆیان ته‌رخان كردووه، مێژووی دروستبوونی بۆ پێنج هه‌زار ساڵ پێش زاینی ده‌گه‌ڕێته‌وه، به ناوازه‌ترین ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێ، كاتێك شارێك له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیایه‌ك ده‌بینیت و له‌وێوه‌یش له ده‌وروبه‌ر ده‌ڕوانیت، به ته‌واوی دۆڵ و چیاكانی تر ده‌رده‌كه‌ون، دیمه‌نی زۆر خه‌یاڵییه و ناكرێ گه‌شتی ناوچه‌كه بكه‌یت و ئه‌و شوێنه نه‌بینیت.