عه‌لی كه‌ریم ئەکتەری ناسراوی کورد له چاوپێكه‌وتنێكی "وشه"دا باس له دۆخی دراما و فلیم و سینه‌مای کوردی ده‌كات، ده‌ڵێ: كه‌ناڵه کوردییەکان درامای بیانی پیرۆز ده‌كه‌ن و بێزوی پێوه ده‌كه‌ن، کەچی دراما و فلیمی كوردی‌یان ناوێت.
هونەری کوردی لە چ ئاستێکدایە؟
تەنیا قسه له‌سه‌ر هونه‌ری شانۆ و دراما و فلیمی سینه‌ما ده‌كه‌م، له هونه‌ری شانۆدا هه‌وڵی ڕژد هه‌یه بەڵام دراما ڕووی له كزییه، هۆكاره‌كه‌شی نه‌بوونی بوودجه‌یه، به‌رهه‌منه‌هێنانی فلیمیش به‌هۆی نه‌بوونی پلانی ڕژدەوەیە تووشی چه‌قبه‌ستوویی بووه‌ته‌وه.
تا چەند پێت وایە دراما و فلیمی بیانی دەبێتە جێگرەوەی بەرهەمی کوردی؟
دراما و فلیمی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نابێته جێگره‌وه‌ی نەتەوەیەکی تر، ئه‌وه‌ی له كوردستان به‌دی ده‌كرێ له هیچ وڵاتێكی تر ناكرێ و نه‌بووه، هه‌موو كه‌ناڵه‌كان دەبوو بایه‌خی زۆریان به دراما و فلیمی كوردی بدایه، به‌ڵام بەداخەوە ته‌نانه‌ت كه‌ناڵه حزبییه‌كانیش به بیانووی کێبەرکێکردنی كه‌ناڵه تایبەتەکان خووی ئه‌وانیان گرتووه، له‌م ناوه‌نده‌دا به‌رهه‌مه كوردییه‌كان زه‌ره‌رمه‌ندی سەرەتا و کۆتان.
ئه‌گه‌ر بابەتەکە چاك و خراپیی به‌رهه‌مه‌كه بێت، دەی ئه‌م درامایانه خراپییان چییه، وه‌ك دراماكانی خۆرنه‌وه‌زان، ڕه‌شه‌ی پۆلیس، خه‌می چۆله‌كه‌كان، نامه‌كانی ئه‌شره‌ف، ژیله‌مۆ، دوا بڕیاری یاقوب، وه‌سیه‌تنامه و یوسف ناگه‌ڕێته‌وه، له دراما توركییه‌كان چاكتر نه‌بن خراپتر نین.
بۆ کەناڵە کوردییەکان گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ نادەن کێ بەرپرسە؟
زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كان به حزبی و ئه‌هلییه‌وه بێزوو به درامای بیانییه‌وه دەکەن، هه‌ندێ له‌و كه‌ناڵانه به‌ڕاشكاوی دەڵێن درامای توركی و كۆری و هندی هه‌بێت درامای كوردی چییه نامانه‌وێت.
چیرۆکی وامان هەیە کە درامای باشی لێ بەرهەم بێت؟
هونه‌رمه‌ندی كورد ئاماده‌یه درامای ته‌له‌فزیۆنی به‌رهه‌م بێنێ، بینەری كوردیش حه‌زیان به درامای كوردی هه‌یه، به‌ڵام كه‌ناڵه‌كان حه‌زیان به درامای بیانییە، كه‌ناڵه حزبییه‌كان كه درامایان بۆ ده‌به‌ین دەڵێن پاره‌مان نییه، كه‌ناڵه تایبەتەکانیش ئاماده نین پاره‌ی خۆیان بۆ درامای كوردی خه‌رج بكه‌ن، من ناڵێم هه‌موو دراما كوردییه‌كان پوختن له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه بێ وێنه‌ن، نه‌خێر هه‌ندێكیان شایه‌نی نمایشكردن نین به‌ڵام درامای چاك و پوختیش هه‌یه شایه‌نی نمایشن له كه‌ناڵه‌كان بینه‌ری كوردی زۆریان هه‌یه، بۆ نمونه هه‌رسێ به‌شی درامای گه‌رده‌لوول و دووا بڕیاری یاقوب به به‌ڵگه‌وه دەڵێم هه‌ندێ درامای كوردی هه‌یه له درامای توركی باشترن.
چی نوێتان بەدەستەوەیە لە فلیم و دراما؟
دوا به‌رهه‌مم فلیمی سینه‌مایی "گوڵه‌كان ناگه‌شێنه‌وه" لە سیناریۆ و ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند "لوقمان غه‌ریب"ـه ئه‌كته‌ره‌كان عه‌لی كه‌ریم، سازگار فواد، به‌هادین هه‌ڵه‌بجه‌یی بوون، به‌رهه‌می ناوه‌ندی گاڤ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ته‌له‌فزیۆنی و سینهمایە.
لە کۆتادا دەتەوێت چی بڵێیت؟
دەمەوێت بڵێم، له كوردستان وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هیچ پلانێكی دروستی بۆ په‌ره‌پێدانی هونه‌ری كوردی نییه، هه‌رچییه‌كیش كرابێت دوور بووه له بهرنامەڕێژی و پلانی باش.
هه‌ڵه‌بجه/ عه‌زیز هه‌ورامی