پێشبینی دەكرێ نرخی نەوت بۆ 200 دۆلار بەرز بێتەوە

:: PM:07:13:10/11/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا دوو رووداوی گەورە لە دنیای روویان دا وایان كرد شارەزایان پێشبینی باش و گەشبین بۆ دۆخی تەندروستی و ئابووری بكەن، یەكەمیان بردنەوەی جۆ بایدن لە كێبەركێی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و دووەم راگەیاندنی نزیكبوونەوەی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا، شارەزایەكی ئابووری بەوپەڕی گەشبینییەوە پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 200 دۆلار دەكات. 
عێراق دەتوانێ زیانە دارایییەكانی قەرەبوو بكاتەوە
سەفوان قوسەی، شارەزای ئابووری عێراقی لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاند كە لەگەڵ راگەیاندنی كۆتاهاتنی یەكجارەكی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دنیا بووژانەوەیەكی گەورەی ئابووری بەخۆیەوە دەبینێ و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 200 دۆلار.

زیاتر گوتی، زۆرینەی ئەمبارەكانی نەوت لە دنیا ئاستی ئەمباركراو تیایاندا دابەزیوە، هەروەها بە بردنەوەی جۆ بایدن لە كێبەركێی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و سووكبوونی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین، ئەوانە دەبنە هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت، بۆیە دوای كۆتاهاتنی پەتای كۆرۆنا و گەڕانەوەی رەوڕەوەی ئابووری دنیا بۆ ئاستی جاران، عێراق دەتوانێ زیانەكانی دارایی قەرەبوو بكاتەوە. 

دوێنێ كۆمپانیای فایزەری ئەمەریكی و بیۆتنیكی ئەڵمانی رایان گەیاند كە ئەنجامی قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوە كلینیكییەكانیان سەركەوتنی ڤاكسینەكەیان بە رێژەی 90% بووە و كاریگەری لابەلایشی نەبووە، ئەوەیش وای كرد نرخی نەوت لە دنیا بە رێژەی 8% بەرز ببێتەوە جیا لە بۆرسەكانی ئەوروپا ئەوانیش بەرز بوونەوە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل