كه‌ره‌نتین بۆ هه‌مووان مایه‌ی بێزاری و دڵه‌ڕاوكێ بوو، به‌ڵام بۆ شێلگیر ڕه‌ئووف /23 ساڵ/ هه‌لێكی باش بوو تا بیرۆكه‌ی مۆنۆپۆلی كورد جێبه‌جێ بكات و سوود له كه‌ره‌نتینی هاوینی ساڵی 2020 وه‌ربگرێت، بیرۆكه‌كه‌ی بخاته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و مێژوو بۆ خۆی تۆمار بكات، وه‌ك یه‌كه‌م گه‌نجی كورد یارییه‌كی جیهانی بكوردێنێت، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی "وشه"دا چه‌ندان نهێنی له‌باره‌ی گه‌یمینگی "مۆنۆپۆلی" و پڕۆژه‌كه‌ی ده‌خاته ڕوو.
*مۆنۆپۆلی چییه؟
مۆنۆپۆلی یارییه‌كی به كۆمه‌ڵه مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌م یارییه له دوو تا هه‌شت كه‌س ده‌توانن له یه‌ك كاتدا یاریی پێ بكه‌ن، ئامانجی هه‌ر یاریزانێك ئه‌وه‌یه زۆرترین سه‌رمایه كۆ بكاته‌وه له ڕێی كڕینی موڵك و كۆكردنه‌وه‌ی كرێ له‌سه‌ریان تا یاریزانه‌كانی تر مایه‌پووچ ده‌كات و سه‌رده‌كه‌وێت.
*گه‌نجانی كورد له چ شارێك زیاتر داواكارییان له‌سه‌ر ئه‌و یارییه هه‌یه؟
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له سه‌رجه‌م شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش خواست و داواكاری له‌سه‌ره، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م به‌رهه‌می مۆنۆپۆلی كورد تایبه‌ت بوو به شاری سلێمانی و له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی شاری سلێمانی دیزاین كراوه، ده‌توانم بڵێم به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌لایه‌ن گه‌نجانی شاری سلێمانی خواست و داواكاری له‌سه‌ره به به‌راورد به ناوچه‌كانی تر.
*بۆچی هه‌وڵت دا مۆنۆپۆلی بكوردێنی؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م یارییه مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه، به‌ڵام له‌ناو كورددا گرووپێكی كه‌می خه‌ڵك پێی ئاشنابوون و گرووپێكی بچووكتر له‌وان له كاتی به‌سه‌ربردنی كاتدا خۆیانی پێوه سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن، ئاشنانه‌بوونی خه‌ڵك به‌م یارییه سه‌ختی یاسا و ڕێساكانیه‌تی، به تایبه‌ت كه پێش مۆنۆپۆلی كورد ئه‌م یاسا و ڕێسایانه به زمانی كوردی به‌رده‌ست نه‌بووه، له سه‌ره‌تاوه بیرم كرده‌وه ته‌نیا یارییه‌كه وه‌ربگێڕم بۆ سه‌ر زمانی كوردی، به‌ڵام له پاش وه‌رگێڕان بڕیارم دا ئاوێته‌ی بكه‌م به كولتووری كوردی و له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی شاری سلێمانی دروستی بكه‌م.
*پێت وایه داواكارییه‌كان له‌سه‌ر مۆنۆپۆلی كوردیش به‌رز ده‌بێته‌وه؟
به دڵنیاییه‌وه ڕۆژ له دوای ڕۆژ خواست له‌سه‌ر كڕینی ئه‌م یارییه زیاد ده‌كات، به‌رده‌وام داواكاریی له‌سه‌ره، هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ن له زووترین كاتدا مۆنۆپۆلی تایبه‌ت به شاره‌كانی تری كوردستان ئاماده بكه‌م.
*هه‌نگاوه‌كانی مۆنۆپۆلی به كوردی چۆن بوون و كه‌ی ده‌ستت پێ كرد؟
بیرۆكه‌ی مۆنۆپۆلی كورد لای من بیرۆكه‌یه‌كی كۆنه، به‌ڵام به سوودوه‌رگرتن له كه‌ره‌نتینی هاوینی ساڵی 2020 بیرۆكه‌كه‌م خسته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. سه‌ره‌تا هه‌ستام به وه‌رگێڕان و نووسینه‌وه‌ی ڕێساكانی، پاشان به سوودوه‌رگرتن له تواناكانی خۆم وه‌ك گرافیك دیزاینه‌رێك، هه‌ستام به دیزاینكردنه‌وه‌ی یارییه‌كه بۆ سه‌ر زمانی كوردی، له‌گه‌ڵ دروستكردنه‌وه‌ی كارته‌كانی ناو یارییه‌كه وه‌ك كارتی به‌خت و سندووقی كۆمه‌ڵگه و گۆڕینی پاره‌ی مۆنۆپۆلی بۆ مۆنۆپۆلی دینار.
*ئه‌م به‌رهه‌مه یه‌كه‌م به‌رهه‌می ناوخۆیی یاریی كوردییه؟
ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم له‌و بواره به‌ڵێ وایه.
*به نیازی دیزاینی تایبه‌تی شاره‌كانی تریش یارییه‌كه‌یان بۆ دروست بكه‌یت؟
وه‌ك پێشتر باسم كرد به‌ڵێ، هه‌ندێكیان له پلاندان هه‌ندێكیشیان له قۆناغی جێبه‌جێكردن.
*نرخی یارییه‌كه چه‌نده؟
نرخى یارییه‌كه ئێسته به 15 هه‌زار دیناره ئه‌گه‌ر چى من ئامانجم ماده نییه، له سه‌ره‌تاوه ته‌نیا خولیا و ئاره‌زوویه‌ك بوو ده‌مویست بیكه‌م به واقیع، ئێسته‌یش ئامانجمه گه‌نجی كورد ئاشنا بكه‌م به‌م یارییه.
*پلانی ئاینده‌تان بۆ به‌رهه‌می تری گه‌یمینگ چییه؟
پلانی داهاتووم به‌مزووانه مۆنۆپۆلی كوردی بۆ شاره‌كانی تری كوردستان به‌رهه‌م ده‌هێنم.
*فێركار بۆ ئه‌و یارییه و ئه‌وانه‌ی ئاره‌زووی فێربوونی ده‌كه‌ن هه‌یه؟
به‌ڵێ، له پشتی بۆكسی یارییه‌كه به زمانی كوردی زۆر به وردی ڕوون كراوه‌ته‌وه، كڕیارانی یارییه‌كه لێی سوودمه‌ند بوون و كۆمێنت و فیدباكی ئه‌رێنیم بۆ هاتووه له‌وباره‌یه‌وه كه به شێوه‌یه‌كی باش و به زمانێكی ساده یاسا و ڕێساكانی تێدا ڕوون كراوه‌ته‌وه.
*خه‌ونت چییه؟
وه‌ك گه‌نجێك خه‌ون و خولیای زۆرم هه‌یه، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی یاریدا خه‌ونم ئه‌وه‌یه خزمه‌ت به گه‌نج و هاووڵاتییانی كوردستان بكه‌م به دابینكردنی یارییه جیهانییه‌كان، به زمان و فیگه‌ری كوردی و بتوانم به چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خۆماڵی خزمه‌ت به هاووڵاتییانی خۆشه‌ویست بكه‌م.
*ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می پڕۆژه‌كه‌تان چی بوو؟
هیچ كارێك به‌ده‌ر نییه له ئاسته‌نگ و كه‌موكوڕی، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه بۆ ئه‌م كاره له سه‌ره‌تاوه تا ئێسته ڕووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌كی وا نه‌بوومه‌ته‌وه كه جێی باس بێت، به پێچه‌وانه‌وه پێشوازییه‌كی زۆر باش له كاره‌كه‌م كراوه و جێی دڵخۆشییه.
*باسێكی ناوه‌ڕۆكی یه‌كه‌م به‌رهه‌می كوردی مۆنۆپۆلیمان بۆ بكه به‌ناوی شاری سلێمانی، چه‌ند به‌شه و چۆنه؟
وشه‌ی مۆنۆپۆلی له زمانی ئینگلیزی‌دا به مانای ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی لایه‌نێك به‌سه‌ر بازاڕدا دێت، یاری مۆنۆپۆلی پێوه‌ندیداره به بواری بازرگانی و كڕین و فرۆشتن و به‌كرێدانی موڵكه‌وه، له ڤێرژنه‌كانی تردا ناوی ڕاسته‌قینه‌ی شوێن و شه‌قامه‌كانی تێدا به‌كار هاتووه، بۆ نموونه له ڤێرژنی به‌ڕیتانی ڕووته‌ختی یارییه‌كه پێكهاتووه له بازاڕ و شه‌قامه‌كانی شاری له‌نده‌ن، بۆیه هه‌وڵم داوه به هه‌مانشێوه شوێنه ناودار و ناسراوه‌كانی شاری سلێمانی وه‌ك موڵكه‌كانی ناو یارییه‌كه به‌كار بهێنم تا ئه‌و كه‌سانه‌ی یاری مۆنۆپۆلی كوردی ده‌كه‌ن هه‌ست به نزیكی و ئه‌زموونكردنی ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی ناو شاری سلێمانی بكه‌ن. یاسای یارییه‌كه تا ئاستێك هه‌مان یاسای كارپێكراوه له كاری بارزگانی و بازاڕدا، بۆیه له كاتی یاریكردندا ئه‌و كه‌سانه‌ی یاری ده‌كه‌ن هه‌ست ده‌كه‌ن راستییه‌كه‌ی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی ده‌كه‌ن.
پاشخان/
شێلگیر ڕه‌ئووف /23 ساڵ/ دانیشتووی شاری سلێمانییه، قوتابی به‌شی ته‌كنه‌لۆجیای زانیارییه له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق – سلێمانی، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵه له بواری گرافیك دیزاین كار ده‌كات، چه‌ندان نموونه‌ی كاری هه‌یه، مۆنۆپۆلی كوردی یه‌كێك له‌وانه.