میسی لە دوا ساتەكاندا بەهانای بەرشەلۆنە دێت

:: AM:09:22:20/02/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕی 23ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو، بەزەحمەت توانی بەربەستی یانەی لیگانیس ببڕێ و بێتەوە ریزبەندی دووەمی یانەكان.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی لیگانیسی بردەوە، گۆڵی یەكەمی یارییەكە لەسەرەتای گێمی یەكەم لە خولەكی 4 لەلایەن لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ یانەی بەرشەلۆنە هاتە تۆماركردن.

لە گێمی دووەمیشدا ئۆنای لۆپێزی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی لیگانیس لە خولەكی 71 گۆڵی یەكسانبوونی یارییەكەی بۆ یانەكەی تۆمار كردەوە، بەر لە تەواوبوونی یارییەكە بە 2 خولەك ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی هەژمار كرد و تێیدا میسی گۆڵی دووەمی خۆی و سەركەوتنی بۆ یانەی بەرشەلۆنە تۆمار كرد.

بەم سەركەوتنە یانەی بەرشەلۆنە كۆی خاڵەكانی لە خولی پلە یەكی ئیسپانیا كردە 51 خاڵ و بەجیاوازی خاڵێك لەگەڵ ریال مەدرید، هاتەوە ریزبەندی دووەم.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە هەفتەی رابردوو لە دوا یارییەكانی خۆیدا لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا تووشی شكستێكی گەورە ببووەوە بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و بە ئەنجامی 4 گۆڵی بێ وەڵام دۆڕا بوو.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م