نەوزاد شێخ كامیل سەرۆكی پێشووی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان لە دیمانەیەكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر بەهێزبوونی ئابووری هەرێمی كوردستان و پێشخستنی كەرتی ئابووری لەسەر دەستی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاوكات دواكەوتنی پڕۆژە و پێشنەخستنی سلێمانی لەرووی ئابوورییەوە بۆ بوونی گەندەڵی و ململانێ سیاسییەكەی یەكێتی و گۆڕان دەگەڕێنێتەوە.
دۆخی ئابووری ئێستەی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە بەراورد بە سێ بۆ پێنج ساڵی ڕابردوو؟
دۆخی ئابووری ئێستەی هەرێمی كوردستان بەراورد بە ساڵی 2014 بەدواوە كە شەڕی داعش رووی دا، پارەی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە بڕا و تەواوی كەرتەكانی ئابووری لە پڕۆژە و خزمەتگوزاری راگیرا، گۆڕانكاری رووی داوە و ئێستە دوو هەنگاوی باش نراون، یەكەم هەنگاوی پڕكردنەوەی و دەستپێكردنەوەی پڕۆژە راگیراوەكانی ساڵانی ڕابردوو، دووەم دروستكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژەی نوێ و پێشخستنی گەشەی ئابووری هەرێمی كوردستان.
ئێستە جارێكی تر پێوەندی ئابووری هەرێمی كوردستان و بەغدا تێكچووە.
پێوەندیی ئابووری هەرێمی كوردستان و بەغدا چۆنە؟
هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا گرفت دروست بوو بۆ هەرێمی كوردستان، لە لایەك راگرتنی مووچەی هەرێم لە ساڵی 2014 و لە لایەكیش دروستبوونی كێشە لە پێوەندی هەردوولا لە دوای ریفراندۆم، بەڵام ماوەیەكە پێوەندییەكە ئاسایی بووە بەتایبەت دوای ساڵی 2019، بەڵام ئێستە جارێكی تر پێوەندی ئابووری هەرێمی كوردستان و بەغدا تێكچووە.
كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی كارنامەكەی پێوەست بوو بە بەهێزكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان
كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی شەش مانگی رابردوو توانیویەتی هەنگاوی باش لە بواری ئابووری و بەهێزكردن و پێشخستنی ئابووری كوردستان بنێت؟
بەدڵنیاییەوە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی كارنامەكەی پێوەست بوو بە بەهێزكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان و نوێكردنەوەی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكان و پێشخستنی ئابووری، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی گەورە نراوە بە تایبەت لە جێبەجێكردن و دروستكردنی پڕۆژەی نوێ و تەرخانكردنی پارەی زۆر لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بۆ پڕۆژەكان، ئەمەش بەمانای ئەوە دێت كە هەنگاوی پێشكەوتن نراوە، یەكێك لە هەنگاوە گەورەكانیش پڕۆژەی چاكسازی بوو كە بەهۆیەوە بە دەیان ملیار دینار لە داهاتوو و بگرە زیاتریش بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە و قازانجەكەی لە داهاتوودا دەردەكەوێت.
حكوومەت چۆن دەتوانێ داهاتی هەمەجۆری هەبێت بەدەر لە نەوت؟
گرنگیدان بە كەرتی پیشەسازی، كشتوكاڵ و گەشتوگوزار، ئەمە لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو سەرچاوەی یەكەمی داهاتن، لە هەموو كات و ساتێكدا داهاتیان هەیە وەك نەوت نییە دۆخێكی سیاسی بێتە پێشەوە روو لە دابەزین بكات.
لە كۆی ئەو پارەیە 52% بۆ هەولێر و دهۆك بووە، 48%ی بۆ سلێمانی بووە،
بۆچی لە سلێمانی هەمیشە كەموكورتی لە جێبەجێكردن و تەواوكردنی پڕۆژە هەیە؟
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دواوە لە ساڵی 2007 تا ئێستە 27 تریلیۆن دینار هاتووەتە هەرێمی كوردستان، لە كۆی ئەو پارەیە 52% بۆ هەولێر و دهۆك بووە، 48%ی بۆ سلێمانی بووە، تەواوی ئەو پارەیە لە كۆی ئەو 27 تریلیۆن دینارە هاتووەتە پارێزگای سلێمانی، بەڵام لە ساڵی 2013 گەشەی ئابووری لە قۆناغی باڵا بوو، سلێمانی 11 تریلیۆن دیناری بۆ هات، سەرەڕای پارەی پێترۆدۆلار كە 749 ملیار دینار هاتە هەرێمی كوردستان و 469 ملیار دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی بوو و بۆ گەرمیانیش 34 ملیار دینار هاتووە.
كەواتە دەتەوێ بڵێی ئەو هەموو پارەیە هاتووەتە سلێمانی و پێشكەوتنیش نییە لەرووی ئابووری و پڕۆژە و پێشخستن؟
بەڵێ، چی كراوە یان پڕۆژەیان پێ تەواو نەكراوە و جێبەجێ نەكراوە ئەوە دەبێت یەكە ئیدارییەكانی سلێمانی وەڵام بدەنەوە، هاتنی ئەو پارەیەش راستییە و هاتووەتە سلێمانی، سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پارەی بۆ سلێمانی ناردووە.
ئەو پارەیەی كە بۆ پێترۆدۆلار بوو و رەوانەی سلێمانی كرا ئایا پڕۆژەی پێ كرا؟
بەپێی زانیارییەكانی من لە دوای لێكۆڵینەوە، ئەو پارەیەی پێترۆدۆلار كە بۆ سلێمانی هاتووە 51%ی بۆ پڕۆژە خەرج كراوە، لە هەولێر 64%ی بۆ پڕۆژە خەرج كراوە، لە دهۆك 55%ی بۆ پڕۆژە بوو، بەڵام بۆچی تەواوی پارەكە بۆ پڕۆژە خەرج نەكراوە، ئەوە دەبێت جارێكی تر یەكە ئیدارییەكان وەڵامیان هەبێت.
بۆچی دروستكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژە لە سلێمانی بەراورد بە هەولێر زۆرتری پێ دەچێت؟
ئەمە دوو رەهەندە سیاسی و ئابووری، رەهەندە سیاسییەكە بەداخەوە لە سلێمانی بەهۆی ململانێی دوو حزب بووە كە یەكێتی و گۆڕانن و ناوەناوە پارێزگار لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ كراوە و هەر ماوەیەك یەكێك بووە ئەمە وایكردووە گرفت دروست بێت و ململانێی ئەو دوو حزبە كاریگەری لەسەر گەشەی ئابووری سلێمانی دروست بكات.
لە رووی ئابوورییەكەوە چی؟
ئەو ململانێ سیاسییەی كە هەبووە لە نێوان ئەو دوو حزبە رەنگدانەوەی هەبووە لە رووی ئیداری و كارگێڕی، كاتێك پارێزگار فەرمانێك دەكات و لە خوارەوە جێبەجێ ناكرێت، كەواتە كێشەی ئیداری هەیە، پێویستە پارێزگار خاوەن بڕیار بێت چونكە ئەو دەسەڵات و یاسایەی كە لە مادەی سێی پەرلەمان بۆ پارێزگارەكان دانراوە، ئەوەی لە هەولێر و دهۆك جێبەجێ دەكرێت بە هەمانشێوە لە سلێمانیش دەسەڵاتی هەیە، كەواتە لەسەر پارێزگار كەوتووە تا چەند توانیویەتی خاوەنی بڕیار بێ.
گۆڕان كە پارێزگاری سلێمانی بەدەستەوەیە دەتوانێ بە ئازادی و بێ رێگری و ئاستەنگەكانی یەكێتیی، كار بكات؟
پەرلەمان و وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵاتی داوە بە پارێزگار، بەڵام ئیشكردن بوێریی دەوێت، ئەگەر نەتوانێ ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی جێبەجێی بكات، دەبێت بۆ خەڵكی روون بكاتەوە كە رێگری لێ دەكرێت لە لایەن یەكێتییەوە.
هۆكارە سەرەكییەكانی جێبەجێ نەكردنی ئەو پڕۆژانەی سلێمانی لەكاتی خۆیدا بۆ ململانێی ئەو دوو حزبە دەگەڕێتەوە
كەواتە دەتوانین بڵێین ململانێی یەكێتی و گۆڕِان هۆكاری ئەو دواكەوتنەی سلێمانی لەرووی پڕۆژە و پێشكەوتنی ئابوورییە؟
بەڵێ بەدڵنیاییەوە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی جێبەجێ نەكردنی ئەو پڕۆژانەی سلێمانی لەكاتی خۆیدا بۆ ململانێی ئەو دوو حزبە دەگەڕێتەوە، سەرەڕای هاتنی ئەو پارە زۆرە بۆ سلێمانی.
وەك سەندیكای ئابووریناسان هیچ پڕۆژەیەكتان هەیە بۆ پێشخستنی ئابووری هەرێمی كوردستان؟
بەداخەوە سەندیكای ئابووریناسان لە كۆمەڵێك كەسی شارەزا و پسپۆڕ پێكهاتووە و ئەندامەكانی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا و پسپۆِڕیان هەیە لە بواری ئابووریدا، بەڵام تا ئێستە حكوومەت و لایەنی پێوەندیدار داوای لە ئێمە نەكردووە لە رووی ئابوورییەكەوە قسە و پڕۆژەمان هەبێت، پەراوێز خراوین، لە كاتێكدا خاوەنی چەندان پڕۆژەین بۆ پێشخستنی هەرێمی كوردستان و ئابووری بەهێزی كوردستان.
پڕۆژەتان هەبووە پێشكەشی وەبەرهێنان و وەبەرهێنەرانی بكەن؟
بەڵێ بەدڵنیاییەوە چەندان پڕۆژەی باش و گونجاو و گرنگمان پێشكەش بە لایەنی پێوەندیدار و بازرگانان كردووە، چەندان پڕۆژە لە سنووری سلێمانی لەسەر داوای ئێمە جێبەجێ كراون، پڕۆژەكانمان لە سنوورەكە چەندان هەلی كاریان رەخساندووە و كارگەی جۆراوجۆر بووە، لە بوارەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و كارگە و پیشەسازی پڕۆژەمان هەبووە.
دەگوترێ سەندیكاكان تەنیا پارە لە ئەندامەكان وەردەگرن، پڕۆژەتان هەبووە بۆ ئەندامەكانی خۆتان لە سنوورەكە؟
یەكێك لەو پڕۆژە گرنگ و گەورانەی كە ئێستە لە قۆناغی دروستكرندایە و قۆناغی یەكەمی تەواو بووە، پڕۆژەی شاری ئابووریناسانە لە سلێمانی كە تایبەت بە ئەندامەكانی و یەكێكە لە پڕۆژە فراوانەكان و لە داهاتوودا تەواو دەبێت و بەشێوەی قستی مانگانەیە و بە بڕێك پێشەكی دەدرێتە ئەندامان.
دیمانە/ هۆشیار عەلی