بەناوی كاركردن دەهێنرێ و هەوڵی دەستدرێژیكردنە سەری دەدرێت

:: PM:03:57:14/11/2020 ‌

ژنێكی نایجیری تەمەن 20 ساڵ بە ناوی كاركردەوە لە دوبەی، دەهێنرێتە عێراق، وەك خۆی دەڵێت هەراسان كراوە و هەوڵی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر دراوە، ئەوەیش وای كردووە هەڵبێت. 
پێیان گوتووە دەچێ بۆ دوبەی و بۆ بەغدایان هێناوە
كۆسارات ئۆكۆنادی، ژنێكی نایجیرییە لە تەمەنی 19 ساڵیدا بۆ كاركردنی گەیشتووەتە عێراق، ئەو لە بەغدا كاری كردووە، كاتێك دوو پیاو هەوڵی دەستدرێژی سێكسیان بۆ سەر داوە، ئەو بە ماڵپەڕی" Sahara Reporters "ی تایبەت بە خستنەڕووی دۆزە مرۆییەكان لە ئەفریقیا بەتایبەتی لە نەیجیریا، باسی دەكات، ئەوانەی بۆ كاركردن بردوویانە سەرەتا پێیان گوتووە دەچێ بۆ دوبەی، بەڵام دواتر دەركەوتووە كە گەشتەی بەرەو بەغدایە.

وەك ئەو ژنە باسی كردووە كە پێشتر گوێبیستی ناوی بەغدا نەبووە، بەڵام بەهۆی پێویستی بە پارە و كاركردن رازی بووە و ماوەی هەشت مانگ لە عێراق ماوەتەوە، وەك خۆی باسی دەكات، لە چوار ماڵ لە عێراق كاری كردووە، لەو ماوەیە چەند كەسێك هەوڵیان دا دەستدرێژی سێكسی بكەنە سەر و هەندێكیشیان هەراسانی بكەن و دەستی لێ بدەن، هاوكات كارەكە زیاد لەپێویست بووە، بۆیە بڕیاری داوە بگەڕێتەوە نایجیریا.

ئۆكۆنادی گوتی، لە رێگەی رێكخراوێكی مرۆییەوە، كە ژنان لە بازرگانیكردن رزگار دەكات، گەڕامەوە وڵاتەكەم، بۆ ئەوەیش ئەو پارەیەی لە سێ مانگی دوایی بەدەستم كەوت، بۆ كڕینی بلێتی گەڕانەوە خەرجم كرد.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل