بەرشەلۆنە پەنا دەباتە بەر جادوو

:: AM:09:59:20/02/2017 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایان كرد كە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بۆ قەربووكردنەوەی شكستە گەورەكەی بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی پەنا دەباتە بەر جادوو.

رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: جادووگەری ناوداری ئینگلیزی ستیڤن فراین كە بە (دینامۆ) ناسراوە، دوێنێ یەكشەم لە كاتی مەشق و راهێنانەكانی یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە بۆ یارییەكەی گەڕی 23ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی لیگانیس، لەنێو یاریگەی كامپ نوو بینراوە.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە جادووگەرەكە بۆ یارمەتیدانی یانەی بەرشەلۆنە هاتووەتە نێو یاریگەی كامپ نوو تا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان ئاست و ئەنجامێكی باش بەدەست بێنن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە هەفتەی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی چوونی پاڵەوانیەتییەكەدا لەنێو یاریگەی پاڕك دی پرانس بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بە 4 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی دۆڕاندبوو.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە رەنگە دینامۆی جادووگەرەكە لە یاریی گەڕانەوەدا لەنێو یاریگەی كامپ نوو ئامادەبێت بۆ ئەوەی یارمەتیدەربێت تا بە ئەنجامی 5 گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەكە ببنەوە و سەركەون بۆ قۆناغی 8ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە شەوی رابردوو بە زەحمەت توانی یاریی گەڕی 23ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكۆتا بێنێ كاتێك بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی لیگانیسی بردەوە.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م