لەوكاتەی دۆخی دارایی عێراق بەقەرزكردن بەڕێوە دەچێ و حكوومەت ناتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی دابین بكات، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە بەرپرس و سیاسەتوانانی گەندەڵی عێراق بە بەهای دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە توركیا و ئوردن و ئیمارات كردووە.
پڕۆژەكانیان بەناوی خۆیان نەكردووە
مەحموود زەجراوی، گوتی، لە دوای 2003ەوە قەبارەی گەندەڵی لە عێراق زۆر گەورەیە و چەندان وەزارەت و دەستە و فەرمانگەی گرتووەتەوە، بەو هۆیەشەوە پارەیەكی زۆر كە بە چەندان ملیار دۆلار دێتە خەمڵاندن، لەلایەن سیاسەتوان و بەرپرسانی گەندەڵ برداروەتە وڵاتانی دراوسێ یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وەبەرهێنانكردن لە كەرتە جیاوازەكان، لەوانە نیشتەجێكردن.
زیاتر گوتی، ئەو پارانە بوونەتە هۆی بووژانەوەی و زیادبوونی پڕۆژەكانی نیشتەجێكردن لەو وڵاتانە، لەوكاتەی عێراق لە خراپترین تەنگژەی نیشتەجێكردن دەژیت، بۆیە وەبەرهێنانەكە لەلایەن سیاسەتوان و بەرپرسانی عێراقییەوە لە وڵاتانی توركیا و ئوردن و ئیمارات دەكرێت، ئەوان چەندان ملیار دۆلاریان بردووەتە ئەوێ بۆ پڕۆژە نیشتەجێكردن، بەڵام ئەو پڕۆژانەیان بەناوی خۆیان نەكردووە، بەناوی خێزان یان بریكارانیان كردووە بۆ ئەوەی ئاشكرا نەبن.
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، قەبارەی پارەكانی عێراق كە بردراوە بۆ ئەو وڵاتانە زۆر زۆرە، بۆیە بەدواداچوون و چاودێریكردنی پێویستی بە هەوڵێكی زۆر هەیە.