دۆخی دارایی عێراق خراپتر دەبێت.. قەبارەی یەدەگی دراو دادەبەزێت

:: PM:09:50:15/11/2020 ‌

عێراق كەوتووەتە ناو قەرز و سەرەڕای داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆیی و دەروازە سنوورییەكان، ناتوانێ خەرجی دابەشكردنی مووچە و رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و مادەكانی پسوولەی خۆراك دابین بكات، بۆیە پەنای بۆ قەرز بردووە، راوێژكارێكی ئابووری عێراق قەبارەی یەدەگی دراوی عێراق ئاشكرا دەكات. 
پەرلەمان سێ مانگی بۆ حكوومەتی عێراق بۆ پەرەپێدانی ئابووری دیاری كردووە
مەحموود داغر، راوێژكاری ئابووری و بەڕێوەبەری گشتی پێشوو لە بانكی ناوەندی عێراق گوتی، یەدەگی دراو لە بانكی ناوەندیی عێراق و بانكە جیهانییەكان ئێستە دەگاتە 55 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، واتە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، زیاتر گوتی، حكوومەتی عێراق بڕی 12 ترلیۆن دیناری لە بانكی ناوەندی قەرز كردووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی لەسەر شێوەی حەوالە لە بانكە حكوومەتییەكان.   

لای خۆیەوە عەبدولهادی موحان، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، دوای راكێشانی حكوومەت بۆ بڕی قەرزی 12 ترلیۆن دینار، یەدەگی بانكی ناوەندی عێراق گەیشتووەتە ئاستی 35 ملیار دۆلار، چونكە پێشتر 51 ملیار دۆلار بوو، ئاماژەی كرد، پەرلەمان ماوەی سێ مانگی بۆ حكوومەتی عێراق دیاری كردووە بۆ پەرەپێدانی ئابووری و دۆزینەوەی چارەسەرێكی راستەقینە بۆ پاڵپشتیكردنی بودجەی دەوڵەت.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە حكوومەت واز لە قەرزكردن بێنێ و رووبكاتە چاپكردنی پارەی بێ رەسید، ئەوكات هەموو پارەی عێراق لە بانكی ناوەندی و بانكە حكوومەتی و تایبەتەكان حجز دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل