ئارسناڵ بڕیاری دەركردنی ڤینگەری داوە.. كێ شوێنی دەگرێتەوە؟

:: AM:10:24:20/02/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە سەرۆكایەتیی یانەی ئارسناڵ بڕیاریداوە گرێبەستی راهێنەرە فڕەنسییەكەی ئارسین ڤینگەر نوێ نەكاتەوە و بۆ وەرزی داهاتووش راهێنەرێكی تر بۆ شوێنەكەی دیاری بكات.

ماوەی چەند ساڵێكە هاندەرانی یانەی ئارسناڵ داوای رۆیشتنی ڤینگەر دەكەن بەهۆی لەدەستدانی چەندان ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی، ئەم ناڕەزاییەش هەفتەی رابردوو زیاتر پەرەی سەند كاتێك لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە ئەنجامی 5-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دۆڕان.

سەرۆكایەتیی یانەكە لەژێر فشاری هاندەران بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەستی ڤینگەر نوێ نەكاتەوە و دوای 20 ساڵ دەستبەرداری ئەو راهێنەرەی بێت.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: بەشێك لە ئەندامانی یانەی ئارسناڵ داوا دەكەن بۆ وەرزی داهاتوو یانەكە دییگۆ سمیۆنی ئەرجەنتینی و راهێنەری ئیستای یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بكەنە راهێنەری تیپەكەیان.

بەشێكی تر ئەم رایە رەت دەكەنەوە و پێیانوایە ناكرێ تیپەكەیان بخەنە ژێر باری مەترسییەوە بەهۆی هەڵسوكەت و دەمارگیرییە زۆرەكانی سمیۆنییەوە كە رەنگە دواجار كار لە ئارامی تیپەكەیان بكات.

بەشی زۆری ئەندامانی یانەكە لەگەڵ ئەوەن بۆ وەرزی داهاتوو تێری هێنری ئەستێرەی پێشووی یانەكەیان بكەنە راهێنەر، جگە لەمەش چەند راهێنەرێكی تریش بۆ پۆستەكە پاڵێوراون كە برێتین لە ماسیمۆ ئەلیگری راهێنەر یانەی یۆڤانتۆس، تۆماس توخیل راهێنەری یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند لەگەڵ لیۆناردۆ خاردیمی راهێنەری یانەی مۆناكۆی فڕەنسی.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ڤینگەر دوێنێ یەكشەم رایگەیاندبوو كە رەنگە بۆ ماوەی 4 ساڵ یان زیاتریش لە كاری راهێنەرایەتیی بەردەوام بێت جا لە یانەی ئارسناڵ یان هەر یانەیەكی تری ئەوروپا بێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م