كۆمپانیای مۆدێرنا سەركەوتنی ڤاكسینێكی تری راگەیاند

:: PM:06:10:16/11/2020 ‌

دوای ئەوەی لە ماوەی دواییدا سەركەوتنی تاقیكردنەوەكانی سێیەم قۆناغی ڤاكسینی هەردوو كۆمپانیای فایزەری ئەمەریكی و بیۆتنیكی ئەڵمانی راگەیندرا و رێكخراوی تەندروستی جیهانی دووپاتی لەو سەركەوتنە كردەوە، ئەمڕۆ كۆمپانیای مۆدێرنای ئەمەریكی سەركەوتنی تاقیكردنەوەكانی ڤاكسینێكی تری راگەیاند.
شێوەی كاركردنی لە ڤاكسینەكەی فایزەر و بیۆتنیك نزیكە
ئەمڕۆ دووشەم لە بەیاننامەیەكدا كۆمپانیای مۆدێرنا رای گەیاند كە ئەنجامی سێیەم قۆناغی تاقیكردنەوە كلینیكییەكانی لەسەر ڤاكسینێك لەدژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە رێژەی 94.5% سەركەوتوو بووە، ڤاكسینەكە كاریگەری سەلماندووە و هیچ كاریگەرییەكی خراپیشی تۆمار نەكراوە، ئەوەیش دوای تاقیكردنەوەی لەسەر هەزاران حاڵەتی لاتینی و ئەمەریكی و ئەفریقی و ئاسیایی.

كۆمپانیاكە رای گەیاند كە بەنیازە لە چەند هەفتەی داهاتوودا داوای مۆڵەت بكات بۆ بەكارهێنانی ڤاكسینەكە بۆ حاڵەتی فریاگوزاری، هەر دوای چەند خولەكێك لە راگەیاندنەكەی مۆدێرنا لەبارەی سەركەوتنی ڤاكسینەكەی، كاریگەریی ئابووریی هەواڵەكە بۆ سەر نرخی نەوت و زێڕ و بازاڕەكان دەركەوت، نرخی نەوت 3% هەڵكشا و نرخی زیڕیش 20 دۆلار بۆ ئۆنسەیەك دابەزی، بۆرسەی داوجۆنزی ئەمەریكی بۆ سەرووی 30 هەزار خاڵ بەرز بووەوە.   

ئەو راگەیاندنەی ئەمڕۆی مۆدێرنا دوای چەند رۆژێك لە راگەیاندنێكی هاوشێوەی هەردوو كۆمپانیای فایزەر و بیۆتنیك دێت، لە رووی زانسی و میكانیزمی كاركردن هەردوو ڤاكسینەكە زۆر لەیەكترەوە نزیكن، بەڵام ڤاكسینی مۆدێرنا بەوە جیاوازە كە ڤاكسینەكە لە پارچەی بچووكی ترشی ناوەكی "mRNA" پێك دێت، كە هانی لەش دەدات بۆ بەرهەمهێنانی ئەو پڕۆتینەی لەسەر رووی دەرەوەی ڤایرۆسەكە هەیە بۆ نووسان بە خانەكان، ئەوەیش وا دەكات سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ وا بزانێت ڤایرۆسەكەیە و دژەتەنی بۆ دروست بكات، بۆیە لە شێوەی كاركردنی لە ڤاكسینەكەی فایزەر و بیۆتنیك نزیكە. 

هەروەها لە هەردوو ڤاكسینەكە پێویستە مرۆڤ دوو ژەم لە ماوەی چەند هەفتەیەك وەربگرێت، مۆدێرنا پێشبینی دەكات تا كۆتایی 2020 بۆ ئەمەریكا 20 ملیۆن ژەم بەردەست بێت، لەوكاتەی ڤایزەر و بیۆتنیك پێشبنی دەكەن تا كۆتایی ساڵ 50 ملیۆن ژەم بۆ تەواوی دنیا بەرهەم بێنن.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل