ئێران دۆلاری ساختە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت

:: AM:10:19:17/11/2020 ‌
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، ئێران بڕێكی زۆر لە پارەی جۆری دۆلاری ئەمەریكی ساختە كردووە و لە رێی سنوورەكانەوە بە تایبەت لە مەرزی كێلێوە دەینێرێتە هەرێمی كوردستان، ئەمەش گرفتی بۆ هاووڵاتییان و خاوەنكارەكانی سنوورەكە دروست كردووە.

مەرزی كێلێ دەكەوێتە شارۆكەی قەڵادزێ لە پارێزگای سلێمانی، مەرزێكی نیمچە فەرمییە و رۆژانە ئاڵوگۆڕێكی زۆری بازرگانی لێوە دەكرێت، بەهۆی ئەوەی مەرزەكە فەرمی نییە، بەردەوام پارەی ساختەی دۆلاری ئەمەریكی و دیناری عێراقی لەو وڵاتەوە دێتە ناوخۆی هەرێم.

محەمەد فازڵ گوتەبێژی ئاسایشی ئیدارەی راپەڕین بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی رابردوو چەندان كەس لەسەر پارەی ساختەی دۆلاری ئەمەریكی و دیناری عێراقی گیراون كە بڕێكی زۆر پارەی ساختەیان پێ بووە بە تایبەت دۆلاری ئەمەریكی.

ئەو دۆلارە ساختەش هەندێك جار لە مەرزەكەوە دێت هەندێك جار بە قاچاخ دێتە ژوورەوە
گوتەبێژی ئاسایشی ڕاپەڕین گوتی، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە ئەو دۆلارە ئەمەریكاییانە كە ساختە كراون، لە ئێرانەوە هێنراونەتە سنووری هەرێمی كوردستان لە ئیدارەی راپەڕین، ئێمە سنوورێكمان هەیە لەگەڵ ئێران كە مەرزی كێلێی نیمچە فەرمییە، ئەو دۆلارە ساختەش هەندێك جار لە مەرزەكەوە دێت هەندێك جار بە قاچاخ دێتە ژوورەوە.

باسی لەوەش كرد، كەسانێكی كەمدەرامەت هەن لە سنوورەكە، دەكرێ ئەو دۆلارە ساختانە بدرێت بەو كەسانە و ئەوانیش هەر نازانن بابەتەكە چییە، لە بەرانبەر بڕێك پارە دۆلارە ساختەكەیان پێ دەگوازنەوە، ئەمە گرفتی بۆ دوكاندار و خاوەنكارەكان دروست كردووە، چونكە جیاكردنەوەی دۆلاری ساختە لە دوكانەكان قورسە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە ماوەی یەك مانگی رابردوو لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، نزیكەی 100 هەزار دۆلاری ئەمەریكی ساختە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەمە سەرەڕای زیاتر لە 15 ملیۆن دیناری ساختە.

كاروان ئەنوەر خاوەن دوكان لە رانیە بە"وشە"ی راگەیاند، بەهۆی زۆری پارەی ساختە كە دێتە سنوورەكەمانەوە، رۆژانە زۆر وردبوونەوە لەوە دەكەین پارەی جۆری دۆلاری ئەمەریكی وەرنەگرین، ئێمە دوكانێكی ئاسایین و ئامێری ئاشكراكردنی ساختەمان نییە، بۆیە گرفتمان بۆ دروست بووە.

ئەوەشی گوت، ئێستە دیناری ساختەش هەیە و ئاگەداری ئەوەین بەردەوام هێزە تەناهییەكانی سنوورەكە دەست دەگرن بەسەر پارەی ساختە، ئەگەر بڕێكی كەمیشی بكەوێتە بازاڕەوە، ئاڵوگۆڕی پێ دەكرێت و دەستاودەست پێ دەكرێت، بۆیە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەكەین.

پێشتر "وشە" ئەوەی بڵاو كردەوە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، بڕێكی زۆر لە دۆلاری ساختە بڵاو بووەتەوە و بڕێكی دەستی بەسەردا گیراوە، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئیدارەی راپەڕین بە درێژایی 40 كیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ ئێران.

ئێران ئێستە لە دۆخێكی خراپی داراییدایە و بەهای تمەنی ئێرانی دابەزیوە و ئابڵۆقەیەكی دارایی لەسەرە، بۆیە پەنا دەباتە بەر هەر شتێك تا بتوانێ لە دەوربەر گرفت دروست بكات و پارەی بیانی بچێتە وڵاتەكەی.

ناسر ئیسماعیل شارەزای ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوە راستە لە هەموو وڵاتێك پارەی ساختە هەیە، بەڵام راستییەكەی وڵاتێكی وەك ئێران كە پەنا بباتە بەر ساختەكردنی پارە، دەكرێت كەسانێك ئەو كارە لە دیوی ئێران بكەن، پارەی ساختەش ئەگەر زوو یان درەنگ بێت ئاشكرا دەبێت و كارەكەیان سەر ناگرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد