خواردنی هێلكە چۆن كار دەكاتە سەر تووشبوون بە شەكرە

:: PM:08:00:17/11/2020 ‌

هێلكە یەكێكە لە خۆراكە گرنگەكان بۆ تەندروستی مرۆڤ و زۆرێك لە خەڵك هێلكە بەشێكی سەرەكیی ژەمی بەیانیانە، هاوكات نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە بڵاوەكان كە ساڵانە زۆركەس بەهۆی كاریگەرییە نەرێنییەكانی دەمرن یان پەككەوتە دەبن، توێژینەوەیەكی نوێی ئوسترالی ئاماژە بۆ پێوەندیی خواردنی هیڵكە و تووشبوون بە شەكرە دەكات.
ئەوە پێوەندییە زیاتر لە ژندا بڵاوە
توێژینەوەكە ئاماژە دەكات كە خواردنی رۆژانەی هێلكەیەك، مەترسی تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە بە رێژەی 60% زیاد دەكات، كاتێك توێژەران لە زانكۆی باشووری ئوسترالیا داتای 8545 كەسی پێگەیشتووی چینیان شی كردەوە و گرنگیان بە زانینی پێوەندی و كاریگەریی خواردنی هێلكە بۆ سەر رێژەی شەكرەی خوێن دا.

دكتۆرە مینگ لی، مامۆمستای زانكۆكە لەوبارەوە گوتی، سیستمی خۆراك هۆكارێكی گرنگە لە تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە، گرنگی ئەنجامی توێژینەوەكە لە دیاریكردنی كاریگەریی خواردنی هیڵكەیە لە مەودایەكی دوورودرێژ، كاتێك توێژەران تاقیكردنەوەیان لەسەر ژمارەیەك چینی كرد كە لە سیستمێكی خۆراكی رووەكییەوە بۆ گۆشت و هێلكەخۆرییەوە گۆڕا بوون.

تیمی توێژینەوە بۆیان دەركەوت كە خواردنی هێلكە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، واتە 38 گرامی رۆژانە، مەترسی تووشبوون بە جۆری دووەمی شەكرە بە رێژەی 25% زیاد دەكات، لەوانەیشی كە رۆژانە زیاتر لە 50 گرامیان خواردووە، واتە هێلكەیەك، رێژەكە بۆ 60% زیادی كرد.

بەپێی ئەوەی رۆژنامەی "دەیلی مێڵ"ی بەریتانی باسی كردووە، ئەوە پێوەندییە زیاتر لە ژندا بڵاوە، لەوكاتەی هێلكە بڕی 187 میلیگرام كۆلیسترۆڵ و نزیكەی حەوت گرام پڕۆتینی تیادایە، كە ئەگەر زۆری بخۆین دەگۆڕێت بۆ كلوكۆز، لەوكاتەی كۆمەڵەی شەكرەی ئەمەریكی رێنوێنی دا بە دانانی سنوورێك بۆ خواردنی كۆلیسترۆڵ بە رێژەی 200 میلیگرامی رۆژانە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل