كۆمپانیای فایزر بەمزووانە داوای مۆڵەت بۆ پێكوتەكەی دەكات

:: AM:10:27:18/11/2020 ‌
زۆرترین قسەوباس لەسەر بەرهەمهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا دەكرێت، لەناویاندا كۆمپانیای فایزر پێكوتەكەی بەرهەم هێناوە و لەڕێیەوە پەتاكە بەرەو لەناوچوون یان كەمبوونەوە دەچێت. كۆمپانیای فایزر رای دەگەیەنێت كە بەمزووانە داوای مۆڵەت بۆ پێكوتەكەی دەكات.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تشرینی دووەم لەسەر زاری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكە "ئێلبەرت بۆرلا" بڵاوی كردووەتەوە، بەمزووانە داوای مۆڵەت بۆ پێكوتەكە دەكەین و دواتر لە شارەكانی ئەمەریكا بلاوی دەكەینەوە كە دەكەوێتە مانگی داهاتوو كانوونی یەكەم.

بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پێگەی "ستاتنیوز" ئامادەی كردووە، گوتی ئێمە زۆر نزیكین لەوەی داوای مۆڵەت بۆ پێكوتەكە بكەین.

بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكە ئەوەی رەت نەكردەوە كە لەناو ئەم هەفتەیەدا داوای مۆڵەت بۆ پێكوتەكە بكرێت، بەڵام پێشتر گوتبووی لەناو هەفتەی سێیەمی مانگی تشرینی دووەم داوای مۆڵەت بۆ پێكوتەكە دەكەن.

ئەو پێكوتەیەی كە بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای فایزر باسی دەكات، لەگەڵ كۆمپانیای "بیونتیك"ی ئەڵمانی بە هاوبەشی بەرهەمیان هێناوە. ئێستە لە هەموو دنیادا كە باس لە چەندان پێكوتە بۆ كۆرۆنا دەكرێت، پێكوتەكەی فایزر لە سەرووی هەموویانە و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ددانی پێدا ناوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە تا ئێستە زیاتر لە 55 ملیۆن كەس لە دنیادا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەناویاندا زیاتر لە میلۆنێك و 300 هەزار كەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

ئه‌م بابه‌ته 33 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌