تەرمی فرسەت سۆفی دەگەڕێنرێتەوە هەولێر

:: AM:11:31:18/11/2020 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، تەرمی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەگەڕێتەوە هەولێر و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاك دێتە سپاردن.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی تشرینی دووەم، عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە تەرمی فرسەت سۆفی لەناو سەنتەری شاری هەولێر بەخاك بێتە سپاردن.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر بەخاك دێتە سپاردن.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەو شوێنەی فرسەت سۆفی بەخاك دەسپێرێت، گۆڕی چەند كەسێكی نزیكی لەو شوێنەیە وەك باپیری و چەند كەسێكی تری.

د. فرسەت سۆفی لە ساڵی 1978 لە چۆمان لەدایك بووە. دكتۆرای لە یاسای گشتی هەیە. مامۆستای زانكۆی پۆلەتەكنیكی هەولێر بوو. ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بوو. ئەندامی دەستەی راوێژكاریی یاسایی لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بوو. ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان بوو. ئەندامی لیژنەی باڵای چاكسازی بوو. سەرۆكی لیژنەی كاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بوو. 

مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بووە پارێزگاری هەولێر. ڕۆژی 19ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ تووشی كۆرۆنا بوو و ئەمڕۆ 18ی تشرینی دووەم كۆچی دوایی كرد.




وشە - رامیار جەواد