بەرشەلۆنە لە یاریی گەڕانەوەی پاریس سان جێرمان مێژوویەكی نوێ دەنووسێتەوە

:: AM:11:11:20/02/2017 ‌

لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی جەختی كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنە دەتوانێ لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەربەستی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ببڕێت و مێژوویەكی نوێ بنووسێتەوە.

یانەی بەرشەلۆنە هەفتەی رابردوو لە یاریی چووندا لەنێو یاریگەی پاڕك دی پرێنس بە ئەنجامی 4 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی دۆڕاندبوو، بۆ سەركەوتنیش پێویستە لە یاریی گەڕانەوەدا 5 گۆڵی خاوێن تۆمار بكات.

سوارێز لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد كە تۆماركردنی 5 گۆڵ لە یانەی پاریس سان جێرمان كارێكی زەحمەتە، لە هەمانكاتیشدا جەختی كردەوە كە كارێكی مەحاڵ نییە.

زیاتر گوتی: لە یارییەكەدا پەیاممان ئاشكرایە كە پێویستە بڕوامان بەخۆمان هەبێت و مێژوویەكی نوێ بنووسینەوە، بێگومان یانەی بەرشەلۆنەش پێشتر بە دۆخی خراپتر تێپەڕ بوو و توانیبووی هەرسێ ناسناوە گەورەكان بباتەوە.

هەروەها گوتی: سەركەوتن بەم ئەنجامە بەسەر یانەیەكی وەك پاریس سان جێرمان ئاسان نییە، بەڵام لە یاریی تۆپی پێدا هیچ شتێك مەحاڵ نییە، بێگومان ئێمەش بێ هیوانین و هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەن بۆ خزمەتكردنی درێسی یانەی بەرشەلۆنە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە شەوی رابردوو لە گەڕی 23ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە زەحمەت توانیبووی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی لیگانیس بباتەوە.

جێی باسە دوایین بەدەستهێنانی ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەلایەن یانەی بەرشەلۆنە لە ساڵی 2015 بوو كاتێك لە یاریی كۆتادا لە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بردبووەوە، لەمێژووی پاڵەوانیەتییەكەشدا تا ئێستا هیچ یانەیەك نەیتوانیوە سەركەوتن بەدەست بێنێ دوای ئەوەی لە یاریی چووندا بە جیاوازی 4 گۆڵ دۆڕابێت، بێگومان ئەگەر بەرشەلۆنە بەم ئەنجامە یارییەكە بباتەوە ئەوا مێژوویەكی نوێ لە ئەوروپا تۆمار دەكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م