دوای لاچوونی گەمارۆی سەری ئێران عێراق و وڵاتانی ناوچەكە پڕچەك دەكات

:: PM:05:39:19/11/2020 ‌

هاریكاریی سەربازی و تەناهی نێوان عێراق و ئێران هی ئێستە و كتوپڕ نییە، بەڵكو مێژوویەكی دورودرێژی سیاسی لە نێوان هەردوووڵاتدا هەیە، بەتایبەتی دوای رووخانی سەدام حوسێنی سەرۆكی لەسێدارەدراوی عێراق، لەوساتەوە پێوەندیی توندوتۆڵی بەردەوام لە نێوان حكوومەتی هەردوولا دروست بوو و لە تەنیا رێككەوتنی دووقۆڵی پێوەست بە هاریكاریی بەرگری بەرەو پڕكردنەوەی بۆشایی سیاسی نەمانی سەدام حوسێن پەلی هاوێشت، ئەویش لە رێگەی باڵە سیاسی و سەربازییەكانی تاران.
گرێبەستەكانی فرۆشتنی چەكی ئێرانی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دروست دەكات
پێوەندییەكانی هەردوو وڵات لە چوارچێوەی رووداوە جۆراوجۆرەكانی ناوچەكە پەرەی سەند، بەتایبەتی لەگەڵ دەركەوتنی رێكخراوی داعش و كۆنترۆڵكردنی مووسڵ، دوای ئەوەیش دامەزراندنی حەشدی شەعبی لە رێگەی فەتوایەكی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەی عێراق، بۆیە لەناو دیارترین دیمەنەكانی باڵادەستیی ئەو بریكارانەی ئێران لە عێراق، یەكەكانی حەشدی شەعبی لە 2016 دانیان پێدا نرا و بوونە پێكهاتەیەكی فەرمیی سیاسی و سەربازی، بە هاوشێوەی هێزەكانیتری سەربازی و تەناهی سەر بە دەوڵەتی عێراق، ئەوەیش دوای تێپەڕاندنی یاسایەكی تایبەت بەو هێزە لە پەرلەمانی عێراق بۆ بەیاساییكردنی بوون و رێكخستنی كارەكانی، لەگەڵ ئەوەی حەشدی شەعبی بە پاشكۆیەكی سوپای پاسدارانی ئێران دادەنرێ و پاڵپشتی و مەشق و چەكداری لەلایەن هێزەكانی پەسیجی ئێرانەوە بۆ دابین دەكرێت.

بەر لە چەند رۆژێك باسی سەردانی شاندێكی سەربازی عێراقی بۆ ئێران بە سەرۆكایەتی جومعە عیناد، وەزیری بەرگریی كرا، لەو سەردانە عەمیدی فڕكەوان عەزیز نەسیر زادە، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی سوپای ئێران چاوی بە شەهاب جاهد عەلی، هاوتا عێراقییەكەی كەوت بۆ پتەوكردنی پێوەندیی هەردوولا لە بوارەكانی سەربازی و بەرگری و تەناهی، وەك ئاژانسی "میهر"ی نیوچە فەرمیی ئێرانی باسی كرد.

لاچوونی گەمارۆی چەك لەسەر ئێران بووە هۆی سازكردنی چەند دەستەوارەیەكی تەناهی و بەرگری لەگەڵ هاوپەیمان و بریكارەكانی لە عێراق و سووریا و لبنان و یەمەن و هاتوچۆكردنی چەك بە جۆرە جیاوازەكانی، وەك ئاژانسە ئێرانییەكە ئاماژەی كرد كە وەزیری بەرگری عێراق سەردانی پێشانگای مووشەكی بالیستی لە تاران كردووە، جیا لە سازكردنی دیداری جیاجیا لەگەڵ ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ئێران و محەمەد باقڕی، سوپاسالاری ئێران و حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران و عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران. 

لەو سەردانەدا وەزیری بەرگریی عێراق لە نزیكەوە ئاشنای فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران و سیستمی بەرگریی ئاسمانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە بووە، ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی یەكەی مووشەكی سەر بە سوپای پاسداران ئەمەریكای بەوە تاوانبار كرد كە بەدوای نەوتی عێراق و دابەشكردنی وڵاتەكە و جیاكردنەوەی بەرپرسان و گەلی عێراقە، دووپاتی كردەوە، لە تۆڵەسەندنەوەی كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، پاشگەز نابینەوە. 

عەلی ناجی، توێژەر و رۆژنامەوانی عێراقی دەڵێت، هاریكاریی سەربازی نێوان عێراق و ئێران نوێ نییە و پێشتر چەند گرێبەست و رێككەوتنیان هەبووە، بەڵام بەهۆی گۆڕانی سیستمی سەربازی لە عێراق لە پشتبەستنی بە كەرەستەی بەریتانی و رووسی بۆ چەك و تەكنۆلۆجیای ئەمەریكی، ئێستە ئەمەریكا بەسەر كەرتی سەربازی عێراق باڵادەستە.  

مونتەزەڕ قەیسی، توێژەر دەڵێت، سەرەڕای ئەو گەمارۆیەی چەكی نەتەوە یەكگرتووەكان بەسەر ئێرانی سەپاندبوو، بەڵام نەبووە بەربەست لە چوونی چەكی ئێران بۆ عێراق. لەوكاتەی ناجی دەڵێت، كاتێك پێوەندیی سەربازی نێوان بەغدا و تاران دوای كۆنترۆڵكردنی داعش بۆ چەند ناوچەیەكی خاكی عێراق زیادی كرد، ئەوەیش وای كرد بەغدا چەكی قورس و ناوەند بە قەرز لە ئێران بكڕێت.

ئەو هاریكارییە سەربازییەی بەغدا و تاران بەبەردەوام ئەمەریكای توڕە كردووە، بەهۆی كاریگەریی سیاسی و تەناهی نەرێنی بۆ سەر عێراق، بەتایبەتی كاتێك ئەمەریكا تەنیا رێگەی بە عێراق داوە بۆ كڕینی كارەبا لە ئێران، لەوكاتەی كۆشكی سپی نیگەرانی خۆی پێشان داوە بە بوونی گرێبەستێكی چەك بەر لە چەند ساڵێك لە نێوان عێراق و ئێران، بۆیەیش جۆن ماكین، سیناتۆری ئەمەریكی داوای چاوخشاندنەوەی بە رێككەوتنی ئەمەریكا و عێراق كرد لەبارەی فرۆشتنی 24 هەلیكۆپتەری جۆری ئەپاچی بە عێراق، دوای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێكی بیانی كە ئاشكرایان كردووە گرێبەستێك لە نێوان عێراق و ئێران كراوە بە فرۆشتنی تفاقی سەربازی بە بەهای 195 ملیۆن دۆلار بە عێراق.

مونتەزەر قەیسی، كە شارەزایە لە كاروباری ئێران روونی كردەوە، سەرەڕای قەدەغەی كڕین و فرۆشتنی چەكی ئەنجوومەنی ئاسایش بەسەر تاران، بەڵام لە ساڵانی جەنگی داعش و لە رێگەی چەكداریكردنی میلیشیا شیعەكانەوە، نەبووە بەربەست لەبەردەم فرۆشتنی ئاشكرا و نهێنی چەك بە عێراق، ئێستەیش دوای لاچوونی قەدەغەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش، چەندان گرێبەستی سەربازی لەگەڵ هاوپەیمان و بریكارەكانی لە عێراق و سووریا و لبنان و یەمەن ساز كردووە بۆ پێدانی چەك.

قەیسی دووپاتی كردەوە، چەندان هەڕەشەی ناوچەیی لەگەڵ سازكردنی ئەو گرێبەستانە هەن و رەنگە هێرشكردن بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا و كەنداو ناوچەكە رووبدات، كە ئەوەیش مایەی نیگەرانی بەردەوامی ئەمەریكایە.               



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل