شنگال.. ئه‌مڕۆ دوو لیوای پۆلیس جێگیر ده‌كرێت

:: PM:12:00:20/11/2020 ‌
سەرچاوەیەكی ته‌ناهى ئاشكراى كردووه‌، ئێوارەی دوێنی پێنجشەم، دوو لیوا لە پۆلیسی فیدڕاڵى عێراق گەیشتنە پارێزگای نەینەوا بۆ بڵاوبوونەوە لە شارۆكه‌ى شنگال.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 20ى تشرینى دووه‌م، سەرچاوەیەكی ته‌ناهى عێراقى بە سایتی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە، "دوو لیوای ھێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵى عێراقى كه‌ پێكهاتوون له‌ 2500 پۆلیس، دواى ئه‌وه‌ دوێنێ گەیشتنە شارۆكه‌ى شنگال، ئه‌مڕۆ لە ناوچەی سنووری لەگەڵ سووریا بڵاو دەبنەوە".

ئاماژه‌ كراوه‌، بەپێی ڕێككەوتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق، ھێزەكانی فیدڕاڵى عێراق لەو شارۆكه‌یه‌ بڵاودەبنەوە و هه‌موو كۆمەڵە چەكدارەكانی ترى وه‌ك پەكەكە و گرووپەكانی حەشدی شەعبیش له‌ شنگال ده‌ربچن.

هه‌رێم و عێراق لە نۆی تشرینی یەكەم گەیشتنە ڕێككەوتن لە نێوان خۆیاندا، بەپێی ئەو ڕێككەوتنەیش ھەردوولا بە ھاوبەشی ناوچەكە لە ڕووی ئیداری و ته‌ناهى و خزمەتگوزارییەوە بەڕێوەدەبەن.

به‌پێی‌ ڕێككه‌وتنی‌ ئاسایكردنه‌وه‌ی‌ شنگال كه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا واژوو كراوه‌ پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ له‌و سنووره‌ نه‌مێنێت ئه‌وه‌یش هۆكاری‌ سه‌ره‌كییه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ شه‌ڕ به‌خه‌ڵكی‌ شنگال بفرۆشێ‌.


وشە - محەمەد میران