ئایا بایدن له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی... هاوشێوه‌ی پێشوو پشتیوانی كورد ده‌كات؟

:: AM:12:43:21/11/2020 ‌
له‌ كاتی كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن و دوای سه‌ركه‌وتنیشی به‌سه‌ر تره‌مپ، میدیاكانی جیهان و وڵاتانی عه‌ره‌بی زۆرترین بابه‌تیان له‌سه‌ر جۆ بایدنی 46ه‌مین سه‌رۆكی ویلایه‌تی یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ دۆستێكی نزیكی كوردی پێناسه‌ ده‌كه‌ن و دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ هاوكێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ پاراستنی كورد ده‌گۆڕێت و زۆر به‌ وردی له‌ دۆسیه‌ی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ ئاگه‌داره‌ و به‌ ته‌واویش هاوسۆزی كورده‌، ماڵپه‌ڕی ده‌ستووری میسڕی له‌وباره‌وه‌ بابه‌تێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و گرنگترین هه‌ڵوێسته‌كانی بایدنی بۆ پشتیوانی كورد بڵاو كردوووه‌ته‌وه‌.

قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ و ده‌ڵێ، كاتێك بڕیار و هه‌ڵوێست و بۆچوونی داهاتووی هه‌ر كه‌سێك بزانیت، ئه‌وا له‌ هه‌ڵوێست و بۆچوون و بڕیاره‌كانی ڕابردووی بكۆڵه‌ره‌وه‌، كاتێك له‌مه‌دا له‌ بایدن به‌رانبه‌ر به‌ دۆسیه‌ی كورد ورد ده‌بینه‌وه‌، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ ئه‌و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی تره‌مپ و حكوومه‌ته‌كه‌ی، زۆر گرنگی به‌ كورده‌كان ده‌دات و به‌ ته‌واوی ئه‌و لارییه‌ ڕاست ده‌كاته‌وه‌، كه‌ تره‌مپ به‌هۆی هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وز بۆ توركیا و هێرشكردنه‌ سه‌ر كورد له‌ پێوه‌ندی نێوان ئه‌مه‌ریكا و كورد دروست بووه‌، بۆ ئه‌مه‌یش بایدن هیچ پێویستی به‌ فشاركردن و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك نییه‌، تا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد ئاراسته‌ بكات، ته‌نیا سووربوونی له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و پابه‌ندبوون به‌ په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌، پاڵنه‌ر و پشتیوانێكی به‌هێز ده‌بێ بۆ كورده‌كان، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ململانێیه‌كی ناوخۆیی له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ دروست ببێت.

هاوسۆزی بۆ پرسی كورد زۆره‌ و ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی ده‌بێ بۆ ڕه‌چاوكردن و پشتیوانی كردنی كورد
ئاماژه‌ی داوه‌، كورده‌كان زۆر شاد و ڕازین به‌ سه‌ركه‌وتنی بایدن له‌ هه‌ڵبژاردن و هیوای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، كه‌ واشنتن به‌ ڕابه‌رایه‌تی بایدن پشتیوانی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان بكات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ ئه‌سته‌مه‌ به‌ ئاسانی بێته‌ دی، به‌ڵام بۆ پاراستن و به‌هێزبوونه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و سزادانی ئه‌و وڵاتانه‌ی سته‌م له‌ كورد ده‌كه‌ن، له‌وانه‌یه‌ پێوه‌ندییه‌كانی كورد و ئه‌مه‌ریكا له‌و ڕووانه‌وه‌ بگاته‌ به‌رزترین ئاست به‌ درێژایی مێژووی پێوه‌ندییه‌كانیان.

بۆ دڵنیابوون له‌مه‌یش ماڵپه‌ڕه‌كه‌ چه‌ندان بۆچوون و هه‌ڵوێستی پێشووی جۆ بایدنی هێناوه‌ته‌وه‌، به‌ پشتبه‌ستن به‌م هه‌ڵوێستانه‌یش ئه‌و سه‌رنج و بۆچوونه‌ دروست ده‌بێ، كه‌ پێوه‌ندی نێوان كورد و ئه‌مه‌ریكا له‌ سه‌رده‌می بایدن به‌ ته‌واوی جیاواز ده‌بێ و هه‌نگاوی زۆر مێژووی ده‌نێت.

جۆ بایدن له‌و كاته‌ی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیران و ئه‌ندامی لیژنه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ بووه‌، له‌ سه‌رده‌می جۆرج بۆشی باوك، واته‌ له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌، له‌ دانیشتنێكی ئه‌نجوومه‌نی پیران، به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی پرۆسه‌ی ئه‌نفالكردنی كورده‌كانی له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عس كردووه‌ و داوای له‌ حكوومه‌تی جۆرج بووشی باوك كردووه‌، كه‌ په‌لاماری زیاتری عێراق بدات و سه‌دام و ڕژێمه‌كه‌ی له‌سه‌ر حوكم دوور بخاته‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی به‌رانبه‌ر كورده‌كان ئه‌نجامی داوه‌.

هاوكات پرسێكی تر كه‌ بایدن هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ده‌ربڕیوه‌، پشتیوانیكردنی پرۆسه‌ی گفتوگۆی نێوان توركیا و په‌كه‌كه‌ بووه‌ و كشانه‌وه‌ی ته‌واوی هێزه‌كانی توركیا له‌سه‌ر سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و نه‌هێشتنی گرژی و توندوتیژی له‌ ناوچه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان به‌ ئاشتی و گفتوگۆ و فشارخستنه‌ سه‌ر توركیا بۆ پێدانی مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان به‌ هاووڵاتییانی كورد له‌ ناوچه‌كانی باشووری ڕۆژهه‌ڵات.

بایدن وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2002 سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێ كرا و له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد و دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ ته‌نیا چیاكان پشتیوانی ئێوه‌ نین، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌وه‌ی كه‌ ئیتر ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی زیاتری كورد ده‌كات، به‌ڵێنیشی دا كه‌ پشتیوانی ته‌واوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات و هه‌رێمی كوردستانی به‌ پۆڵه‌ندای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناوبرد.

له‌ ساڵی 2003 بایدن له‌ ئه‌نجوومه‌نی پیران ده‌نگی بۆ پرۆژه‌ی وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی دژ به‌ ڕژێمی به‌عس و سه‌دامی دیكتاتۆر دا، یه‌كێك له‌ پالنه‌ره‌كانیشی بۆ پاراستنی كورد بوو و له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پیران گوتی، سه‌دام به‌شێوه‌یه‌كی زۆر وه‌حشیانه‌ كۆمه‌ڵكوژی كوردی كردووه‌ و له‌ باشووریش شیعه‌كان، پێویسته‌ ئه‌مه‌ بوه‌ستێنرێت و كۆتایی به‌و دیكتاتۆره‌ بهێنرێت.

میدیاكانی جیهان دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ دۆستێكی كورد بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌ی به‌هێزی پێگه‌ی كورده‌ لای بایدنه‌وه‌
له‌ ساڵی 2007 بایدن و سام براون پاك سه‌رۆكی لیژنه‌ی لاوه‌كی كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ ئه‌نجوومه‌نی پیران، پرۆژه‌ی دابه‌شكردنی عێراقیان بۆ سێ هه‌رێمی جیاواز خسته‌ڕوو، كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لێ كه‌وته‌وه‌ و ئێسته‌یش باسی لێ ده‌كرێت.

له‌ عێراقی نوێ، بایدن چ وه‌ك سیناتۆر و دواتریش وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌ به‌رده‌وامی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كورد په‌ره‌ پێداوه‌ و هاوڕییه‌تییه‌كی نزیكی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و مام جه‌لال هه‌بووه‌ و به‌ به‌رده‌وامیش له‌ عێراق بۆچوونی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر پرسه‌كان لا گرنگ بووه‌ و هێنده‌ بۆچوونی شیعه‌ و سوننه‌كانی بایه‌خ پێ نه‌داوه‌.

له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2019 و له‌ 2018یش كاتێك توركیا هێرشی كرده‌ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان، بایدن له‌وباره‌وه‌ نووسیویه‌تی، كه‌ تره‌مپ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و كورده‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكای فرۆشت، كه‌ ئه‌وان سنگی خۆیان دایه‌ به‌ر گولـله‌ بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر.

هه‌موو ئه‌و هه‌ڵوێست و هاوسۆزیانه‌ی بایدن بۆ كورد له‌ ڕابردوو، دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ بایدن بۆ ئێسته‌ و داهاتوویش هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانی له‌ هه‌ر پێگه‌ و پۆستێكدا بێ، به‌رانبه‌ر كورد باش و ئه‌رێنی ده‌بێت، ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.



وشە - باز ئه‌حمه‌د

ئه‌م بابه‌ته 279 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌